بڕیارە سبەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەڵمانیا بكات
هەولێر-KDP.info- هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان دەكات و بڕیارە سبەی سەردانی ئەڵمانیا بكات، كە 500 سەركردەی وڵاتان تێیدا بەشدار دەبن. چاودێرێكی سیاسیش دەڵێ، بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لەو كۆنفڕانسەدا، گرنگی و بایەخی زۆری هەیە، چونكە هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لە داڕێژەرانی پلانی سەقامگیریی جیهان و دەنگی كورد لە هەموو پارچەكان بە جیهان دەگەیەنرێت.
مامۆستای زانستە سیاسییەكان و چاودێری سیاسی، د. ساڵح مەلا عومەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنفڕانسی ساڵانەی میونشن، گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە گفتوگۆ دەكرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە جیهاندا بێتە كایەوە و پلان دادەنرێت چۆن سەقامگیری دروست ببێت، ئەمەش نیشانی دەدات كە كەسایەتیی سەرۆكی هەرێم كاریگەری دەبێت لەسەر دانانی ئەو بەرنامە و پلانە بۆ سەقامگیری، نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی جیهان كە وڵاتانی زلهێز بەشدارن كە چۆن پلان دابڕێژن بۆ سەقامگیری، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، هەرێمی كوردستان وەكو یاریكەرێكی سەرەكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆڵی لە سەقامگیریی ئاسایشی جیهانیدا دەبێت.
مەلا عومەر گوتیشی، دوای داعشیش هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لەوانەی پلان بۆ سەقامگیری جیهانی دادەڕێژێت، ئەمەش دەرفەتێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پەیوەندیشی لەگەڵ وڵاتان باشتر بێت و دیدار لەگەڵ سەركردەكان لە نێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی وڵاتان ساز بكرێت، وەكو چۆن لە كۆنفرانسی داڤۆس ئەنجام درا.
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان باسی لەوەش كرد، بەشداربوونی سەرۆكی هەرێم لەو كۆنفڕانسەدا، وا دەكات بەرگری نەك تەنها لە مافی كورد لە هەرێمی كوردستان بكات، بەڵكوو لە هەر شوێنێك كورد هەبێت بەرگری لێ دەكات، بۆیە سەرۆكی هەرێم دەبێتە دەنگی گەلی كورد تا وڵاتان بزانن كورد سەركوت كراوە و پێویستە مافەكانیان بدرێت، چونكە كورد سەلماندوویەتی كە هەمیشە فاكتەرێك بووە بۆ سەقامگیری.
بڵند ئیبراهیم