ئاژگەیی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی ئەورووپایی بەهێزکردنی دۆستایەتیی کوردستانی خستە بەر باسەوە
ئەورووپا -KDP.info- لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد و لەگەڵ بەڕێز، ماگرێتە ئاوکن، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە گرووپی سەوزەکان کۆ بووەوە.
لە دانیشتنەکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێم سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی بەرێز ئاوکنی کرد لە پشتگیری و پاڵپشتی لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و داوای بەردەوامی و هەماهەنگیی زیاتری لەو بوارەوە لێ کرد.
لە تەوەرەکی تری دیدارەکەدا، باس لە مێکانیزمی بەهێزکردنی لۆبیی کوردستانی کرا لە پەرلەمانی ئەورووپادا لە ڕێگەی گرووپی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا.
پرسی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و زیادبوونی چالاکی و هێرشەکانی ئەم دواییە و هاتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەری سووری بۆ هەرێمی کوردستان، بەشێکی تری دیدارەکە بوون، کە تێیدا د. دلاوەر خالد ئاژگەیی داوای پشتگیریی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
ئاوکن ئامادەییی خۆی دووپات کردەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک لە پەرلەمانی ئەورووپا و ناوەندەکانی تری بڕیاردانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پشتگیریی مافەکانی گەلی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەو ناوەندانەدا.