هەواڵی کوردستان ئێستا

له‌سه‌ر ساڵیادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

له‌سه‌ر ساڵیادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌
له‌سه‌ر ساڵیادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

2021-03-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، کاتێک چەکی کۆکوژ دەکەوێتە دەست ستەمکاران، ئەوا کارەساتی ھاوشێوەی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەی لێدەکەوێتەوە.

مستەفا کازمی لە سیی و سێیەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە، ئەمڕۆ یادی کارەساتێکی بەئازار لە مێژوویی خەباتی گەلەکەمان دژبە ستەمکاریی و دیکتاتۆریەت دەکەینەوە کە ئەوەیش سیی و سێیەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومانکردنی ھەڵەبجەی شەھیدە لە کوردستانی عێراق بە چەکی کیمیایی کە بەھۆیەوە ھەزاران مەدەنی بوونە قوربانی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە، تاڵی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ھۆشداریی ئەوەمان پێ دەدات، کاتێک چەکی خۆکوژ دەکەوێتە دەست ستەمکاران، ئەوا کارەسات روودەدات، چونکە دەسەڵاتدارانی ستەمکار لە پێناو مانەوەی خۆیان، تاوان لەژێر ناوی رەق و رەگەزپەرستیی، ئەنجام دەدەن.

مستەفا کازمی هەروەها رایگەیاندووە، ھەڵەبجە بەڵگەنەمایەکی گرنگ و قوربانییەکی گەورە و بەنرخە کە گەلی کورد داویەتی، ھەروەک چۆن گەلی عێراق بە گشتیی قوربانیی داوە بۆ کۆنترۆڵکردن و رزگارکردن لە دەسەڵاتی ستەمکاری، گەندەڵیی و جەنگی خوێناوی.

راشیگەیاندووە، ھەڵەبجە برینێکی قوڵە و ستەممان بیردەخاتەوە کاتێک وەک ئامرازێک دەکەوێتە دەست دەسەڵاتدار و ئەمڕۆ ئیلھام لە قوربانیدان و ناڵەی شەھیدەکان وەردەگرن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی دیکە، عێراقێکی ئازاد و دیموکراسی کە ھاووڵاتییان لە ھەر جێگایەکی ئەم خاکە پیرۆزە بن شانازی پێوە بکەن.