یەکێتی: بەھەوڵی ئێمە کۆتایی بەخۆپیشاندانى لایهنگرانى حهشدى شهعبی ھێنرا
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی له كهركوك، سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، رایگەیاند: ئێمە ئاگاداری وردەکاری رێککەوتن و گەڕانەوەی پارتی نین بۆ کەرکووک".
محەمەد عوسمان لەبارەی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی لایەنگرانی حەشدی شەعبی و پارتە تورکمانییەکان لەدژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو خۆپیشاندانەی دوێنێ دروستبوو، مۆڵەتی فەرمی بۆ وەرنەگیرابوو، دواتر ئەگەر ئەم بابەتە یاساییە ئەوا دەبێت پەنا بەرنە بەر دادگا نەوەک شەقام گرتن و داخستنی رێگای سەرەکی کەرکووک-ھەوڵیر.
محەمەد عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی راشیگەیاند "لە دوای خۆپیشاندانەکە پەیوەندیمان لەگەڵ ھاوسەرۆکانی یەکێتی و سەرکۆماری عێراق کرد و داوای چۆڵکردنی ئەو خۆپیشاندانەمان کرد و گوتمان لە ئەگەری چۆڵنەکردنیشی ئەوا بچووکترین کێشە رووبدات ئەوا ئێمە بەرپرسیارێتیەکەی ھەڵناگرین، ھەربۆیە لە دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە ھێنرا و بەردەم بارەگای ئۆپەراسێونە ھاوبەشەکان چۆڵکرا".
دوێنی دووشەممە بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی و پارتە تورکمانییەکان لەدژی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک لەبەردەم بینای ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگای سەرەکی کەرکووک-ھەولێریان داخست و دواتر خیوەتیان ھەڵدا و مانگرتنیان راگەیاند و تا درەنگانێکی شەوی رابردوو مانەوە و دواتر کۆتایی بەخۆپیشاندانەکە ھێنرا و ناوچەکەیش چۆڵکرا.