فەھیم عەبدوڵڵا: بۆ چارەسەکردنی کێشەی غاز لە دھۆک لە ھەوڵداین
دهۆک-KDP.info- چەند ڕۆژێکە غازی ماڵان لە سنووری پارێزگای دھۆک دەست ھاووڵاتیان ناکەوێت و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆکیش دەڵێ، لە ھەوڵداین بۆ چارەسەکردنی کێشەی غاز و بڕیارە ئیدارەی دھۆک کۆ ببێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی غاز.
فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای پەیدابوونی کێشەی کەمیی غاز، ڕەوشی پارێزگای دھۆک باشتر بوو لە ئێستا، چونکە چەند ڕۆژێکە وەک پێویست بەشی پارێزگای دھۆک غاز ناگات بە کارگەکان و ئەوەش ھۆکارێکە بۆ دروستبوونی کێشەی غاز لە دھۆک. غاز ھەیە، بەڵام کێشەکە لە گواستنەوەیدایە بۆ دھۆک، لەبەر ئەوەش، ئێستا قەیرانی غاز پەیدا بووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "ئێمە وەک ئەنجومەن و ئیدارەی خۆجێی پارێزگای دھۆک بەردەوام لە ھەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی غاز و بڕیارە ئیدارەی دھۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غاز و دابەشکردنی غاز بە شێوەیەکی یەکسان کۆ ببینەوە."
فەھیم عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە ھاوسنوورین لەگەل مووسڵ، بەڵام لە مووسڵیش ماوەیەکە کێشەی غاز ھەیە و ناتوانین سوود لە توانای پارێزگای مووسڵ وەربگرین، لە لایەکی دیکەوە ناسەقامگیریی کەشوھەواش ھۆکارێکە بۆ ئەوەی غاز بەئاسانی نەگوازرێتەوە بۆ دھۆک، پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی غازی پێویست بگاتە دھۆک."
قائید میرۆ