ئافرەتان: ئامانجمان مرۆڤسالاری و، بەرخودان بۆ سەربەخۆیییە
دهۆک-info-KDP. ئافرەتانی کورد پێیان وایە، دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەت وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ بەدێهێنانی مافەکانی ئافرەت لە چوارچێوەی مافە ڕەواکاندا.
ئەمڕۆ ٦٧ ساڵ بەسەر دامەزراندی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و بەم بۆنەیەش لە هەرێمی کوردستان چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێن.
زەری نەوزاد، بەرپرسی ئەنجومەنی ئافرەتانی دهۆک، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتان بە دەستپێشخەریی بارزانی نەمر پێویستییەکی مێژوویی بوو لە ژیانی ئافرەتانی کوردستاندا، بۆیەش هەمیشە ئافرەتان لە مێژوودا ڕۆڵی گەورەیان گێڕاوە."
ئافرەتانی کورد لە مێژوودا لە شاخ و شار بوونەتە هاوکاری پێشخستنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و لەم دواییانەشدا ئافرەتانی کورد چ لە بەرەی جەنگ و چ لە ماڵیش هاوکاریی پێشمەرگەی قارەمانیان کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشدا."
ناوبراو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "ئافرەتان هەمیشە شانبەشانی پیاوان لە مێژووی گەلی کورددا ڕۆڵی گەورەیان بینوە لە قوربانیدان لەپێناو سەربەخۆییی گەلی کورد و ئێستاش ئافرەتانی کورد مرۆڤسالاری و هزری نەتەوەیی و گرێدانیان بە خاک و نەتەوەوە کردووەتە ئامانجی خۆیان."
لەو بارەیەشەوە، ناڤین سمۆقی، چالاکوانی مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: 'لە مێژوودا ئافرەتی کورد شانبەشانی پیاوان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ناخۆشییەک بووەتەوە، بینیشمان ئافرەتانی کوردانی ئێزدی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ناخۆشییەک بوونەوە، بەڵام هەرگیز خۆیان ڕادەست نەکرد."
ناڤین گوتیشی: 'ئامانجی ئێمە نەهشتنی جیاوازیی جێندەرییە، دەبێ مرۆڤسالار سەروەر بێت، ئێستاش دەبێ هەمووان هەوڵی ئەوە بدەن کە ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵیان هەبێت."
کــاروان بــاعەدری