هەواڵی کوردستان ئێستا

پارتی پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کرد

پارتی پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کرد
پارتی پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کرد

2019-12-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (67) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستە کردن، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەڕێز، د. ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان..

بەڕێزان، هەڤاڵانی مەكتەبی سكرتاریەت و ئەنجومەنی باڵا..

 ئەمڕۆ یادی (67)هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندن و خەباتی پڕ دەستکەوتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دەكەینەوە، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و کادیر و ئەندامانی یەکێتیەکەتان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان دەكەین و، هیوادارین هەمیشە سەركەوتوو بن لە هەوڵ و كۆشش و كار و چالاكیەكانتان بۆ فەراھەمکردنی ئازادی و یەكسانی و گەیشتن بە گشت مافەكانتان. یەكێتیی ئافرەتانی کوردستان بەر لە (67)ساڵ كە بە بڕیار و ڕێنوێنیی سەركردەی نەمر بارزانی دامەزرا، دەسكەوتێكی دیكەی مەزن بوو بۆ پارتیمان و گەلەكەمان بەگشتی و توێژی ئافرەتان بەتایبەتی، هەروەها توانیویەتی بەدرێژاییی ئەو تەمەنە پڕ بەخششەی ڕۆڵی گرنگ و كاریگەری خۆی ببینێ لە گشت قۆناغ و شێوازەكانی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازیەكەیدا.

توێژی بەرفراوانی ئافرەتان خاوەن كۆمەڵێک ئەرك و كاری ئەوتۆی سەنگین و كاریگەرن بەسەر كۆمەڵگە و پەروەردە و پێشكەوتن و بونیاتنانی ئایندەوە، لەو ڕووەوەش قوربانیی زۆریان داوە و بەردەوامیشن لەو كاروانەدا، بۆیە ڕۆڵی بەرپرسانەی ئێوە و یەكێتیەكەتان زۆر گرنگ و بایەخدارە، بەتایبەتی لە ڕووی تێكۆشانی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە. هەوڵ و كۆششی یەکێتیەکەتان دیار و بەرچاوە لە پاراستن و بەهێزكردنی پایەكانی حوكمڕانیی و بواری ئەزموونی دیموكراسی و خەباتی مەدەنی و كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستاندا و، هەروەها قووڵكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیان. لەو قۆناغەی ئەمڕۆشماندا، بارودۆخەكە زیاتر ئەوە دەخوازێ بە هەموو لایەك و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەکەمانەوە بەرپرسانە و دڵسۆزانە ئەرك و كارەكانی سەرشانمان بەجێ بگەیەنین بۆ پتەوكردنی ڕەوشی سەقامگیری و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی.

جارێكی دیكە بەو بۆنەوەیەوە، پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆمان بۆ ئێوە و یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین دەسكەوتی زیاتر لە تێکۆشانی ڕێكخراوەییتان بۆ توێژی ئافرەتان بەدەست بێنن لە ئازادی و یەكسانی و چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتی ئافرەتان و دەستبەركردنی سەرجەم مافە ڕەواكانیان.

هەردەم لە پێشكەوتندا بن و ھەر سەرکەوتوو بن..

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان