هەواڵی کوردستان ئێستا

تەندروستی عێراق ھۆشداری لە مەترسی رەوشی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات

تەندروستی عێراق ھۆشداری لە مەترسی رەوشی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات
تەندروستی عێراق ھۆشداری لە مەترسی رەوشی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات

2021-03-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ھۆشداری لە بەردەوامی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دا و رايگەیاند کە رەوشی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، مەترسیدارە.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دوایین پێشھاتەکانی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ( COVID-١٩) خستووەتەڕوو و تیایدا ئەوە ھاتووە:"ھەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پابەندبووین بە گرتنەبەری سیاسەتی پەیوەندی و شەفافیەت لەگەڵ رای گشتیی و بۆیەش بۆ ھەموو لایەک روونی دەکەینەوە کە بڕیاری سووکردنی قەدەغەی ھاتوچۆ و کردنەوەی چێشتخانە، مۆڵ و قاوەخانەکان پەیوەست نییە بە رەوشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو لەبەر ھاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی".

لە راگەیەنراوەکەدا ھۆشداری لە بەردەوامی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا داراوە و ھاتووە: "بەردەوامی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، جێگەی نیگەرانییە، چونکە لەم رۆژانەی دواییدا، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژێکدا گەیشتووەتە، پێنج ھەزار کەس".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ھۆشداری لە مەترسی رەوشی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە عێراق داوە و ھاتووە: "رەوشی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق مەترسیدارە و لەبەر ئەوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین کە زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی بەتایبەتیش بەستنی ماسک".

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا داوا لە ھێزە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت کراوە کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی بکەن.

بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا ٧٨٤ ھەزار و ٧١٦ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ١٣ ھەزار و ٩٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٠٦ ھەزار و ٩٠٤ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.