مەسعود بارزانی: گهلى كورد ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گەلی کوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و كێشەكان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر ببن و بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات.
بارزانی وێڕاى پیرۆزبایی نهورۆز رایگهیاندووه، كورد لە نەورۆزدا ڕاپەڕینی كردووە بۆ ئەوەی لە بندەستی ڕزگاری بێت و ئازادی بە دەست بهێنێت. ڕۆحی ڕاپەڕین و ئازادیخوازیی كورد لە دێرزەمانەوە هەبووە و ئێستاش هەر هەیە و هەتا بندەستی و ستەمكاری هەبێت هەر درێژەی دەبێت.
سەرۆکی پارتی راشیگهیاندووه، گەلی كوردستان بڕوای بە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و بیروڕا جیاوازەكان هەیە و لەمبارەیەوە خاوەنی فەرهەنگێكی مێژوویی و قووڵە و، بە كردەوە بنەماكانی پێكەوەژیانی پیادە كردووە و كاری پێ كردووە. لە هەمانكاتیشدا گیانی ئازادیخوازی و پێكەوەژیانی كورد، هەردەم لەگەڵ ئاشتیخوازیشدا ئاوێتە بووە. گەلی كوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و كێشەكان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر ببن و بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و، كە كار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات.
مهسعود بارزانى ئاماژهى بهوهشكردووه، ئێمە هەردەم پێمانخۆشە و دەمانەوێ گرفتەكانمان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی شەراكەت چارەسەر بكرێن. گەلی كوردستان لەسەر بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە لە عێراقدا شەریكە. لادان لە بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە و بەكارهێنانی زمانی زۆرینە و كەمینە و كولتووری خۆسەپاندن و نكۆڵیكردن، بە دڵنیاییەوە گرفتەكان چارەسەر ناكات.