وەزارەتی بەرگری عێراق: ٨٥ ئامانجی داعش خاپوورکران
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
وەزارەتی بەرگریی عێراق، بڵاوی کردەوە کە لە ئەنجامی ١٣٣ هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی باکووری وڵات، ٨٥ ئامانجی داعش خاپوورکراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن خانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە ئۆپەراسیۆنەکە کە ١٠ رۆژی خایاندووە، لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا لە چیاکانی قەرەداغ ئەنجامدراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ٦١ حەشارگە و ٢٤ ئەشکەوت کە تیرۆریستانی داعش بەکاریانهێناون خاپوورکراون و، ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست لەچالاکی خراون.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا، تەواوی پارێزگاکانی مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار و بەشێکی پارێزگاکانی دیالە و کەرکووکی داگیرکرد، دواتر ئەو پارێزگایانە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەو رێکخراوە پاککرانەوە و کۆنترۆڵکرانەوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی، لە نۆی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوەکەدا راگەیاند.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر دەرکردنی رێکخراوەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکان، بەڵام هێشتا ئەو رێکخراوە بەردەوامە لەسەر هێرش و پەلامارەکانی، بەتایبەتی لە گوندەوارەکانی ئەو پارێزگایانە.