لیبیا.. داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی شاری بەنغازی دەکرێت
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەو هێرشە دەکرێت کە رۆژی هەیینی کرایە سەر گەڕەکی مەدەنی نشینینی زەمزەم لە شاری بەنغازی رۆژهەڵاتی لیبیا و برینداربوونی هەشت منداڵی لێکەوتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن لیژنەی نیشتمانیی مافەکانی مرۆڤ لە لیبیا بڵاوکراوەتەوە، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە کراوە کە گەڕەکی زەمزەم-ی کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە بەڕێوەبەری ئاسایشی بەنغازی و نووسینگەی پارێزەران کراوە، دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر بکەن و تاوانباران رادەستی دادگا بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە منداڵان نەکرێنە ئامانج و هەموو کات بپارێزرێن.
نەخۆشخانەی گشتیی جەلا لە بەنغازی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە لە ئاکامی کەوتنەخوارەوەی رۆکێتێک لە گەڕەکی زەمزەم، هەشت منداڵی حەوت بۆ ١٦ ساڵان برینداربوون و ژمارەیەکیان لە دوای چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
بەپێی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، میلیشیاکانی سەربە خەلیفە حەفتەر ناوبە ناو لە بەنغازی پێشێلکاری ئەمنیی ئەنجام دەدەن.