هەواڵی کوردستان ئێستا

شارەوانیەکانی گەرمیان ٧٥٠ دۆنم زەویی جوتیارانیان داگیر کردووە

شارەوانیەکانی گەرمیان ٧٥٠ دۆنم زەویی جوتیارانیان داگیر کردووە
شارەوانیەکانی گەرمیان ٧٥٠ دۆنم زەویی جوتیارانیان داگیر کردووە

2019-12-11 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی زانیاریی ورد ئاشكرا دەكات


ئەمڕۆ چوارشەممە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیەکانی گەرمیانەوە ٧٥٠ دۆنم زەویی جوتیارانی شارەدێی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار داگیر کراوە، بە بێ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە.


کەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند لە میانی بەدواداچوونیان بۆ کێشەی جوتیارانی شارەدێی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار، پێیانڕاگەیاندوون كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیەکانی گەرمیانەوە ٧٥٠ دۆنم زەویی دوازدە جوتیاری سنوورەکە داگیر کراوە، کە زۆربەی بریتیە لە باخ و داری بەرداریان تێدا چێندراوە، پێشتریش مۆڵەتی حکوومەتیان ھەبووە بۆ دروستکردنی ئەو باخانە.


گوتیشی جوتیارەکان باسیان لەوە کردووە کە شارەوانیەکانی گەرمیان دەیانەوێ ئەو دارانە ببڕنەوە، شوێنەکەی بکەنە کارگەی ئاسن و چەند کارگەیەکی دیكە، ھیچ باسی قەرەبووکردنەوەش لەگەڵ ئەو جوتیارانەدا نەکراوە.


کەریم عەلی ئەوەشی ڕوون كردەوە كە داگیرکردنی ئەو زەویانە لە كاتێکدایە پێشتر حکوومەت زەوی بۆ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی سنوورەکە دابین کردووە.


ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش کرد كە داوایان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەی ئەو جوتیارانە پێک بھێنن.