عێراق.. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە نەینەوا تێکشکا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە کاتی ئەرکی سەربازیی لە پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق تێکشکا.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە کاتی ئەرکی سەربازیی لە پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق تێکشکا.
سەرچاوەکە کە ئەفسەرێک بوو بە پلەی ملازم لە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا و نەیویست ناوی ئاشکر بکرێت, بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەربە سوپای ئەمریکا لە کاتی ئەرکی سەربازیی لە گوندی حاوی تەل شەعیر سەربە ناحیەی گەیارە باشووری شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا، تێکشکا.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، تێکشکانی فڕۆکەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی بووە و بەهۆیەوە کەوتووەتەخوارەوە.
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای رووداوەکە، هێزێکی ئەمنیی و سەربازیی گەیشتنە ناوچەکە.
تاوەکو ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لایەن سوپای ئەمریکا و حکوومەتی عێراق لەمبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.
هێزەکانی ئەمریکا رابەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەکات و پشتیوانی لۆجستی و هەواڵگریی و ئاسمانیی پێشکەش بە هێزەکانی عێراق دەکەن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژبە پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش نزیکەی سێ هەزار سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە کە دوو هەزار و ٥٠٠یان سەربازی ئەمریکیین.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە هاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەکانی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەددین و دیالە کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.