بەهۆی پێکدادانی نێوان دوو شەمەندەفەرەکەی میسر، لوتکەی عراقی ـ میسری ـ ئـوردونی دواخرا
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە پەیامێکدا وێڕای ناردنی سەرەخۆشی بۆ حکوومەت و گەلی میسر بەھۆی ئەو رووداوەی کە ئەمڕۆ لە پارێزگای سوھاج روویدا، لووتکەی سێقۆڵی نێوان عێراق-ئوردن-میسر-ی بۆ داھاتووێکی نزیک دواخست.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی حکوومەت و گەلی میسر کرد بەھۆی کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆری قوربانی لە ئاکامی بەریەککەوتنی دوو شەمەندەفەر لە پارێزگای سوھاج باشووری میسر.
کازمی لە تویتەکەیدا راشیگەیاندووە کە بیر و ھۆشیان لەلای خانەوادەی قوربانیان دایە و ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.
کازمی راشیگەیاند کە بەھۆی ئەم رووداوەوە لووتکەی سێقۆڵی نێوان عێراق-ئوردن-میسر بۆ داھاتووێکی نزیک دواخراوە کە بڕیاربوو بەیانی رۆژی شەممە لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت.
لەوەو پێش وەزارەتی تەندروستیی میسر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە دوو شەمەندەفەر لە ناوەندی شاری تەھتا سەربە پارێزگای سوھاج باشووری میسر بەریەککەوتوون و بەم ھۆیەوەش ژمارەیەکی زۆری قوربانی لێ کەوتووەتەوە.