ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئۆجەلان لهگهل براكهی بڵاوکرایەوە
دیجیتال میدیای سپێده
دوێنێ پێنجشەممە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالییەوە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد ئۆجەلانی برای ئەنجامدا، ئەمڕۆ میدیاکانی نزیک لە پەکەکە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەیان بڵاوکردەوە.
(موحەمەد ئۆجەلان) ڕایگەیاند: (عەبدولڵا ئۆجەلان) لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا وتوویەتی؛ دەوڵەت یارییەكی هەڵە دەكات، ئێوەش هەڵەن، ئەمە بابەتێكی سیاسییە، نە یاساییەو نە ڕاستە، پێویستە پارێزەرانم بێنە ئێرەو لەگەڵیان دانیشم.
دوێنێ (موحەمەد ئۆجەلان)، بڕای (عەبدولڵا ئۆجەلان) ڕێبەری پەكەكە، لەلایەن داواكاری گشتی ڕۆحاوە، بانگهێشت كرا بۆ ئەوەی لەژێر چاودێری داواكاری گشتیدا، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ئۆجەلان بكات.
(موحەمەد ئۆجەلان) ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی (24/3)، لەلایەن كەسێكەوە كە خۆی وەك بەڕێوەبەری زیندانی ئیمرالی ناساندبوو تەلەفۆنی بۆ كراوە، پێی وتووە كە پێویستە ڕۆژی (25/3) لە بینای داواكاری گشتی ڕۆحا بێت تا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ براكەی قسە بكات.
(موحەمەد ئۆجەلان) دەڵێت: بەیانی خۆمم گەیاندە دادگای ڕۆحا، داوام لێكرا كە بۆ ماوەی (10) خولەك لە ژوورێكی قاتی ژێرەوەی بیناكەبم، لەوێ كارمەندێك هەیە كە پەیوەندییەكەت لەگەڵ براكەت ڕێكدەخات، دەنگی تەلەفۆنەكە هات، وەڵامم دایەوەو ئۆجەلان یەكسەر وتی: چۆن هاتوویتە ئێرە ؟ كێ تۆی هێناوە ؟ ئەمە چۆنە ؟ لە كوێوە پەیوەندی دەكەیت ؟
(موحەمەد ئۆجەلان) ڕایگەیاند: براكەم وتی، هەم تۆ هەڵەی هەمیش دەوڵەت، هۆكارەكەشی ئەوەیە، ساڵێكە هیچ دیدارێك نەكراوە، ئەمە لە یاسای دەوڵەت و هیچ یاسایەكی دیكەش جێگە ناگرێت، هاتنی تۆ هەڵەیەو زۆر مەترسیدارە، دەوڵەتیش مەترسیدارە، ئەمە شتێكی ڕاست نییە، ئەگەر دیدارێك بكرێت پێویستە لە چوارچێوەی یاسا بێت، نابێت بە دڵی خۆیان و دوای ساڵێك دیدارێك بە تەلەفۆن دروست بكەن، ئەوەی ئێوە دەیكەن زۆر هەڵەیە، دەوڵەتیش یارییەكی هەڵە دەكات، ئێوەش، ئەمە یاسایی نییە، ڕاست نییە، هیچ كات قبوڵ ناكرێت، هاوكات مەترسیدارە، ئاگاتان لێیە چی دەكەن؟، دەمەوێت پارێزەرانم بێنە ئێرەو دیدارم لەگەڵدا بكەن، ئەمە شتێكی یاساییە، (22) ساڵە لێرەم، ئەگەر كێشەیەك بێتە پێش چۆن دەبێت ؟ ئەم كێشەیە تەنیا لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر دەكرێت، بۆ نایەنە ئێرە ؟ ئەگەر چاوپێكەوتنێك بێت دەبێت لەگەڵ پارێزەران بێت، چونكە ئەم دۆخە هەم سیاسییە هەمیش یاساییە.
لە بەردەوامیدا (موحەمەد ئۆجەلان) وتی، بە ئۆجەلانم وت؛ یەكێك لە هۆكارەكانی هاتنم بۆ ئێرە چاڵاكییەكانی مانگرتن لە خواردنەو ئەویش وتوویەتی: نامەوێت كەس بۆ من لە مانگرتن لە خواردن و لە زینداندا بمرێت، پێشتریش ئەمەم وتبوو، ئێستاش دەیڵێمەوە، پێویست بەمە ناكات، ئەمە شتێكی قورسە، پێویستە ئێوە ئەمە ببینن.
(موحەمەد ئۆجەلان) لە بەردەوامیدا دەڵێت: نزیكەی چوار بۆ پێنج خولەك قسەمان كرد، دەنگێك بە لاوازی هات، بە باوەڕم دەنگی ئەو بوو، وتی: ئەم دیدارە زۆر هەڵەیە، ئەمە دیداریش نییە، بەڵام دوای ئەمە تەلەفۆنەكە پچڕا.
(موحەمەد ئۆجەلان) دەڵێت، دوای پچڕانی تەلەفۆنەكە، دۆخەكەم بەو كاربەدەستەی لەوێ بوو گەیاند، ویستیان لەوێ بمێنم، دواتر كەسێكی دیكە تەلەفۆنی كردو وتی: پێویستە لەوێ بمێنیت، دوای (10 – 15) خولەك، وتم چیتر تەلەفۆن ناكرێتەوە، دوایی وتیان، دیدار تەواو بووە.
لە كۆتایی قسەكانیدا (موحەمەد ئۆجەلان) ڕوو لە دەوڵەت و كەسانی خاوەن ویژدان وتی: كردەوەیەكی بەم شێوەیە قبوڵكراو نییە.