قوتابیانی زانکۆی کۆیە داوای دواخستنی تاقیکردنەوەکان و وەستاندنی خوێندن دەکەن
دیجیتاڵ میدیا سپێده
ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک قوتابی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی کۆیە خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆ ئەنجامدا.
قوتابیان بە دروشمی "دابخرێت، دابخرێت" بە ناو کەمپەسی زانکۆی کۆیەدا دەسووڕانەوە.
پهیامنێری سپێده: خۆپیشاندەران لەدوای سەرۆکایەتی زانکۆ روویانکردە دەروازەی زانکۆی کۆیە و رێگەی ھاتن و چوونیان داخست.
پهیامنێری سپێده راشیگهید: یەکێک لە قوتابیهکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ھەڵکشانی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا تەندروستیان لەژێر مەترسیدایە بەو پێیەی ژوورەکانیان زۆر قەرەباڵخە، ئەو قوتابیه گوتی، "داواکارین بەشە ناوخۆییەکان دابخرێت و بماننێرنەوە ماڵەوە. من لە ئاکرێیەوە ھاتووم و لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێنمەوە. ژوورەکەمان پێنج کەسی تێدایە و ھەناسەمان بۆ نایەت".
قوتابیهكی دیکە کە خەڵکی سۆران بوو و ئەویش نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، باسی لە بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان کرد کە بڕیاریان لەسەر داخستنی زانکۆ و پویمانگاکان داوە کەچی زانکۆی کۆیە دەوامی رانەگرتووە. و گوتیشی " ئێمە دەمانەوێت دەوام رابگیرێت، بەشە ناوخۆییەکان زۆر قەرەباڵخە. دەڵێن بۆ تاقیکردنەوەکان بمێننەوە بەڵام ھەفتەی تاقیکردنەوەیەکمان ھەیە خۆ ئەوەنە ماوەیە نامێنینەوە".
ھاوکات، ھێزێکی ئاسایش گەیشتە ناوچەکە بەڵام بەبێ رێگرتن لە خوێپێشاندەران لە دوورەوە تەنھا چاودێری دۆخەکەیان دەکرد.
جێگەی باسە، نزیکەی دوو ھەزار خوێندکار لە پێنج باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی کۆیە نیشتەجێن و سەرجەمیان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دراوسێوە ھاتوون.