هەواڵی کوردستان ئێستا

په‌رله‌مانی عێراق بۆبودجه‌ داده‌نیشێت؟هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان چ په‌یوه‌ندی پێوه‌‌یه‌؟

په‌رله‌مانی عێراق بۆبودجه‌ داده‌نیشێت؟هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان چ په‌یوه‌ندی پێوه‌‌یه‌؟
په‌رله‌مانی عێراق بۆبودجه‌ داده‌نیشێت؟هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان چ په‌یوه‌ندی پێوه‌‌یه‌؟

2021-03-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

ڕاپۆرت ـ مصعب عبدالعزیز


بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 31 ئاداری 2021 په‌ڕله‌مانی عێراقی بۆ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2021 كۆبێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا نازانرێت وه‌كو جارانی تر دواده‌خرێت یان ئه‌مجاره‌ بودجه‌ تێده‌په‌رێنرێت،

د.جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكی فراكسیونی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ سپێده‌ وتی، هه‌ندێ كێشه‌ی نێوان شیعه‌كان چاره‌سه‌ركراون و ئه‌مه‌ هیوایێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی دانشتنی په‌رله‌مانی عێراق بكرێت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ووتیشی، كێشه‌ی سه‌ره‌كی نێوان سه‌دریه‌كان و كوتله‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وه‌یه‌‌ كه‌ سه‌دریه‌كان مه‌رجیان بۆ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ به‌ڵام كوتله‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی رازی نین په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنرێت.

د.جه‌مال كۆچه‌ر دیاریشكرد كه‌ كوتله‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی گورانكاری نرخی دۆڵار به‌رامبه‌ر دینار و دامه‌زراندنی 30 هه‌زر حه‌شدی شه‌عبی نوێ و دووباره‌ هه‌ڵنه‌بژاردنه‌وه‌ی موسته‌فا كازمیان كردووه‌ته‌ مه‌رج بۆ سه‌دریه‌كان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رۆكی فراكسیونی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی عێراقی، سه‌دریه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رجه‌ رازیبوونه‌ كه‌ بۆ جاری داهاتوو كازمی بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌ڵنه‌بژێردرێت و كازمیش له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رجه‌ رازیبووه‌، به‌ڵام ئه‌و كوتلانه‌ متمانه‌یان به‌م به‌ڵێنه‌ی سه‌دریه‌كان و كازمی نیه‌.


بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پێویستی به‌ ده‌نگی 50+1 هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ده‌بن به‌ واتای ده‌نگی 167 په‌رله‌مانتار، هه‌رچه‌ند به‌پێی به‌یانامه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكاتی په‌رله‌مان 175 په‌رله‌مانتار ئیمزایان له‌سه‌ر داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كردووه‌، به‌ڵام زۆرێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئیمزایان كردووه‌ ئه‌گه‌ری گۆڕینی ده‌نگیان هه‌یه‌ و ده‌نگ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌ده‌ن.

كورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانن؟
به‌پێی زانیاریه‌كانی سپێده‌ پارتی و یه‌كێتی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئێستای عێراقن، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك گرنگترینیان پارتی ڕێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌دریه‌كان كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، هه‌روه‌ك حكومه‌تی ئێستای عێراقی زۆر به‌ده‌م داواكاریه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ناچن، بۆیه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت حكومه‌تی كازمی بگۆڕدرێت.

هه‌رچی هاوپه‌یمانی هیوایه‌ ئه‌وان به‌ مه‌رج له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراقن، مه‌رجه‌كه‌یان خۆی له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وان (هاوپه‌یمانی هیوا) داوا ده‌كه‌ن بایومه‌تری بكرێته‌ پێوه‌ری ده‌نگدان و ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست ئه‌ژماربكرێن چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو به ده‌نگدان و ئه‌ژماركردنی‌ ئه‌لیكترۆنی به‌ ئاسانی ته‌زویر كراوه‌، هه‌روه‌ك داواش ده‌كه‌ن بازنه‌كانی ده‌نگدان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌مێنن كه‌ پێیانوایه‌ دابه‌شكردنی بازنه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارته‌ گه‌وره‌كان و په‌رتاوه‌زه‌كردنی ده‌نگه‌كانی پارته‌ بچوكه‌كان دانراون، هاوپه‌یمانی هیوا ده‌یه‌وێت ئه‌مانه‌ له‌ هه‌مواری یاسا هه‌ڵبژاردنه‌كان جێگیربكرێن، به‌ڵام پێناچێت ئه‌م داواكاریانه‌یان جێبه‌جێ بكرێت، به‌ تایبه‌ت كوتله‌ گه‌وره‌كانی كورد و شیعه‌ و به‌شێك له‌ سونه‌ی ناو په‌ڕله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆرانكاریانه‌ نین.