دەوڵەتی یاسا: "بە مەرج ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبین"
دیجیتال میدیای سپێده
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، گاتع روکابی رایگەیاند کە تا ئێستا کۆپی کۆتایی پڕۆژەیاسای بوودجەی 2021 بەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دابەش نەکراوە.
گاتع روکابی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا، مەرجی فراکسیۆنەکەی بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران خستەڕوو و گوتی: "ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان بە مەرجی ئەوەی گۆڕانکاریی لە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بکرێت لەگەڵ لابردنی ئەو ماددانەی کە بۆ یەکەمجار خراونەتە نێو پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتییەوە، ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبن".
راشیگەیاند کە زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار کاریگەریی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان دروستکردووە.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا کۆپی کۆتایی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دابەشنەکراوە و لەو بڕگە و ماددانەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا لادراون و یان زیادکراون، ئاگادار نیین و گوتی:
"تا ئێستا لە وردەکاری پەسەندکردنی ماددەی 11ـی نێو پڕۆژەیاسای بوودجە کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان، ئاگادار نین".
چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر یەکی دوای نێوەڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ساز بکرێت و لە میانیدا ، پڕۆژەیاسای بوودجەی 2021 بخرێتە دەنگدانەوە.