هەواڵی کوردستان ئێستا

هۆشیار سیوەیلی و كۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا كۆبوونەوە

هۆشیار سیوەیلی و كۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا كۆبوونەوە
هۆشیار سیوەیلی و كۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا كۆبوونەوە

2020-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- خاتوو باربارا وڵف، كۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێمی كوردستان، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب كۆبووەوە.

 هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی پێشوازی لە خاتوو وڵف كرد و سەرەتا سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەو وڵاتەی كرد بۆ پشتیوانی و پێشكەشكردنی هاوكاری بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لە میانەی ئەو  دیدارەدا، كورتەیەك دەربارەی دۆخی ئێستای ھەرێم و عێراق و ھەڵوێستی پارتی لە بارەیانەوە خرایە روو. دەربارەی ڕەوشی ئێستای عێراقیش، بەڕێز سیوەیلی دووپاتی لە هەڵوێستی پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە بریتییە لە پشتیوانیكردنی حكوومەتی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی دەستوور و فەراهەمكردنی داخوازییەكانی گەلانی عێراق و، داخوازیی خۆپیشاندەرانیشی بە ڕەوا وەسف كرد.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی گوتیشی، دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستیی ڕۆژانە، هاتنە سەر شەقام و داوای مافە سەرەتاییەكان كرد كە ئەركی حكوومەتە، بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەن ویستیان ئەم داخوازییە ڕەوایە بۆ مەرامی سیاسی بەكار بێنن، "بەلای ئێمەوە ئەمە شتێكی قبووڵكراو نییە. ئێمە چەندین جار نیگەرانیی خۆمان دەربڕیوە و گەیاندووە لە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و هیوادارین حكوومەتی فیدراڵ ئەركی خۆی جێبەجێ بكات كە پاراستن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی شایستەیە بۆ عێراقییەكان".

 دەربارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی فیدراڵ، هۆشیار سیوەیلی جەختی كردەوە: "ئێمە ڤیتۆمان لە سەر كەس نییە ئەگەر بتوانێت دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە و لەو باوەڕەداین گرفت و بەشێك لە كێشەكان چارەسەر دەكات".

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، بیروڕا دەربارەی ئەگەری كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق و كاریگەرییە خراپەكانی تاووتوێ كرا. بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، رۆڵی ئەڵمانیای لە رابردوو و ئێستادا بەرز نرخاند و بەردەوامیی ئەو رۆڵەشی لە داھاتوودا بە پێویست زانی و هیوای خواست كە حكوومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بڕیاری بەردەوامبوونی مانەوەی هێزەكانی لە عێراق و كوردستان بۆ پاڵپشتیكردن لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی بەرگریی عێراقی بدات.

هەروەها پرۆسەی سیاسی لە نێوخۆی كوردستان و پەیوەندیی نێوان حیزبەكان و ھەوڵەكانی جەنابی سەرۆكی ھەرێم بۆ یەكخستنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا، گفتوگۆیان لەسەر كرا.

بەڕێز خاتوو باربارا وڵف، سوپاسی ئەو دەرفەتەی كرد و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. بەڕێزیان ڕایگەیاند كە حكوومەتی وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هاوكاریی زیاتری عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفت و كێشانەی كە تووشی هاتووە.

خاتوو وڵف، هەروەها پشتیوانیی حكوومەتی ئەڵمانیای بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی دووپات كردەوە و گوتی، ئەوان بە كارەكانی حكوومەتی هەرێم دڵخۆشن كە چاكسازی و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی كوردستانیان كردووەتە ئامانجی سەرەكی، دەشڵێ: "وەك لە ڕابردوودا پشتیوان بووین، دڵنیاتان دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە هاوكارییە مرۆیی و لۆجستی و سەربازییەكان بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە، كە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی هەمووان دەكەن.