قایمقامی بەردەڕەش: رێگای رۆڤیا - گۆپال دەكرێتەوە
هەولێر-KDP.info- رێگەی سەرەكی ھەولێر- دھۆك دوو قۆناغە و، بە گوتەی قایمقامی بەردەڕەشیش، لە كۆتایی ئەمساڵدا قۆناغی یەكەمی رێگاكە لە رۆڤیا تا گۆپال كۆتایی دێت و دەشڵێ، سەرەتای ساڵی داھاتوو رێگاكە دەكرێتەوە.
خەلیل مەحموود، قایمقامی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەی رێگای رۆڤیا بە درێژایی ٢٢كم تا دەگاتە پردی چەمە، لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ٨٠ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج كراوە و بەپێی دواین زانیاری، ٩٠%ی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە و بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ ھەموو پڕۆژەكە كۆتایی بێت"
قایمقامی بەردەڕەش گوتیشی: "رێگای رۆڤیا پێنج كلیۆمەتری لێكراوەتەوە لە سەنتەری شارەدێی رۆڤیا تا گوندی پەلاسان و ھاتوچۆی تێدا دەكرێت، ئەوەیشی ماوە كاركردن تێیدا بەردەوامە و كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنی داوە تا سەری ساڵ بە تەواوەتی كۆتایی پێ بێت"
مەحموود روونیشی كردەوە: "ھەر كاتێك پڕۆژەكە كۆتایی ھات، بە یەكجاری دەكرێتەوە و خزمەتێكی بەرچاو بەو ھاووڵاتیانە دەكات، كە لە نێوان ھەولێر و دھۆك ھاتوچۆ دەكەن، كارەكانی ئەوەندەی نەماوە و سەرقاڵی تەواوكردنی وردەكارییەكانن لە ئێستادا".
قائید میرۆ