هەواڵی کوردستان ئێستا

د. محەمەد خورشید: لە ھەندێك ناوچەی كەركووك داعش دەسەڵاتدارە

د. محەمەد خورشید: لە ھەندێك ناوچەی كەركووك داعش دەسەڵاتدارە
د. محەمەد خورشید: لە ھەندێك ناوچەی كەركووك داعش دەسەڵاتدارە

2019-12-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


كەركووك-KDP.info- لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا داعش چەندین كردەوەی تیرۆریستی و ھێرشی لە سنووری كەركووك ئەنجام دا، بەرپرسێكی پارتیش نایشارێتەوە، لە كەركووك مەترسیی زۆر هەیە و دەشڵێ، لە ھەندێ ناوچە داعش زیاتر دەسەڵاتدارە و ھێزە ئەمنییەكان بۆی ناچن.

دكتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، دەرگاكانی كەركووك بۆ ھاتنی ھەموو كەسێك كراوەن، بە شێوەیەك چەكدارانی داعش توانیویانە وەك خەڵكی ئاسایی خۆیان بخزێننە ھەندێ ناوچەی كەركووك، كە پێشتر لە ژێردەسەڵاتی ھێزەكانی پێشمەرگەدا بوون و ناوچەی ئارام بوون، خێزانێكی زۆری عەرەبیش ھاوردەی ئەو ناوچە كوردیانە كراون.

بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت: "ماوەیەكە داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك دەستی بە جووڵەیەكی زۆر كردووە و شەوی سێشەممە چەكدارانی داعش لە نزیك گوندی مەرعی سەر بە قەزای دوبز ھێرشیان كردە سەر پۆلیسی فیدڕاڵی، ھەروەھا لەنێو شاری كەركووك خەڵكی داعش دەستگیر كراوە و لە نزیك قەرەدەرەش ھێرش كراوەتە سەر داعش، هەروەها رۆژانەش ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبنەوە و ھەر پێرێ لەنێو كەركووك بە ھۆی دانپێدانانی داعشەكان بە چوار بۆمب و چەك و تەقەمەنییەوە دەستگیر كران".

خورشید ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ژمارەیەكی بەرچاوی داعش لە ژێر ناوی جیاواز خۆیان لە كەركووك حەشار داوە، كە رێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە ناوچەكە"

پەیوەست بە مەترسیی داگیركردنی كەركووك و دەوروبەری، دكتۆر محەمەد گوتی: "بابەتی شاری كەركووك جیاوازە و لەوانەیە داعش لە ئێستادا ئەو ژمارە چەكدارەی نەبێت بۆ داگیركردنی كەركووك، بەڵام ھەندێ ناوچەی دەوروبەری كەركووك ھیچ كەسێك ناتوانێت بۆی بچێت و ناوەناوە ھێزە ئەمنییەكان بە ھێزێكی زۆرەوە دەچنە ئەو ناوچانە، ئەمە لە كاتێكدایە زۆرێك لەو ناوچانە كە رۆژ بەرەو ئاوابوون رۆیشت، بە قەدەر دەسپێردرن و داعش ھاتوچۆیان تێدا دەكات"

 

قائید میرۆ