هەواڵی کوردستان ئێستا

قەچاخ: رازی نابین پاشماوەكانی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە زوممار

قەچاخ: رازی نابین پاشماوەكانی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە زوممار
قەچاخ: رازی نابین پاشماوەكانی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە زوممار

2020-02-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


شنگال-KDP.info- بڕیاری حكوومەتی عێراق بۆ دروستكردنی كەمپێك لە ناوچەی زومماری سەر  بە قەزای شنگال، نیگەرانیی لای خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە، بەرپرسێكی پارتیش ده‌ڵێت، گواستنەوەی پاشماوەكانی داعش بۆ ناوچە كوردستانییەكان، دەبێتە ھۆكارێك بۆ بەھێزبوونەوەی داعش.

قادر قەچاخ، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە بە ھیچ شێوەیەك رازی نابین بەوەی داعشەكانی سووریا بۆ ناحیەی زوممار بگوازرێنەوە و كەمپیان بۆ دروست بكرێت، حكوومەتی عێراق پێویستە ئەو داعشانە لە ناوچە كوردستانییەكان جێگیر نەكات، بەڵكوو بیانباتە ناوچەكانی دیكەی عێراق، چونكە دەبێتە ھۆی ئەوەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زیاتر بەھێز بێت، ئەو پاشماوانەی داعشیش كە ئێستا لە سووریان و بڕیارە بگوازرێنەوە بۆ عێراق، لە چەندین دیمانەی تەلەڤزیۆنیدا دەركەوتوون و ئامادە نین دەست لە فكری داعش بەربدەن".

بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال گوتیشی: "خەڵكی ناوچەی زومماریش دڵگرانن بە كردنەوەی كەمپێك بۆ پاشماوەكانی داعش لە ناوچەی زوممار، ئێمەیش سەركردایەتیی خۆمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانمان لەو بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە، بابەتەكە لای حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە و بڕیارە لەگەڵ بەغدا باس بكرێت".

قەچاخ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "خراپكاریی گەورە دەكرێت و ناوچەكە دەبێتە ھێلانەیەكی سەرەكی بۆ چەكدارانی داعش، ئێستا تیرۆریستانی داعش لەو سنوورانە ھەن و حكوومەتی عێراقیش توانای كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنیی نییە، ھەتا ژمارەیەك خەڵكی ئەو ناوچەیە لەگەڵ پاشماوەكانی داعشن و تۆمەتبارن بە تیرۆر و عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەكردوون".

 

قائید میرۆ