ناتۆ داوا لە رووسیا دەکات لەشکرکێشییەکانی بۆسەر سنووری ئۆکراینا کۆتایی پێبهێنێت
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە رووسیا دەستبەجێ کۆتایی بە لەشکرکێشییەکانی بۆسەر سنووری ئۆکراینا بهێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کولێبا سەردانی بڕۆکسل-ی کرد و لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ کۆبووەوە.
یانس ستولتنبێرگ دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە کرد کە بەنیگەرانییەوە چاودێری سنووری نێوان رووسیا و ئۆکراینا و ئەو هەزاران سەربازە دەکەن کە رووسیا لە چەند رۆژی رابردوودا بردویەتیە سەر سنووری ئۆکراینا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ ئاماژەی بەوەشدا کە لە یاساشکێنییەکەی ساڵی ٢٠١٤ی دوورگەی قرم-ەوە تا ئێستا ئەمە گەورەترین لەشکرکێشی رووسیا-یە و لە پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئۆکراینا کوژراون.
یانس ستولتنبێرگ گوتیشی: "لەشکرکێشییەکەی رووسیا نایاساییە و جێی نیگەرانییە. پێویستە رووسیا ئەم لەشکرکێشیەی لەسەر سنوور و ناوەوەی ئۆکراینا بوەستێنێت و کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی بهێنێت".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ جارێکی دیکەش داوای لە رووسیا کرد پابەندبێت بە بەرپرسیاریەتییە نێودەوڵەتییەکانی و گوتی: "پشتیوانی ناتۆ بۆ یەکپارچەیی و سەروەری ئۆکراینا شتێکی نەگۆڕە، پێشێلکاری و یاساشکێنییەکانی رووسیا لە دوورگەی قرم مایەی قبوڵکردن نین".