بەرھەم ساڵح: کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی کەرکووک بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند کە گرنگە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی شاری کەرکووک، بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن.
نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە سەرۆکی بەرەی تورکمانی، حەسەن تۆران کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری کەرکووک و ئەو کێشانەی کە رووبەڕووی دانیشتوانەکەی دەبێتەوە و پێویستی بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی کەرکووک و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانی شارەکە، گفتوگۆکراوە.
باس لەوەشکراوە کە ھەر لە میانی دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لەگرنگی بەھێزکردن و پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکھاتەکان و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی شاری کەرکووک بەپێی دەستوور و پشتیوانیکردن لە دیالۆگی نێوان پێکھاتەکان و خستنەگەڕی ھەموو ھەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی شارەکە و تێپەڕاندنی مەینەتی و ئاستەنگەکان دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری و چارەسەرکردنی کێشەکان بەخواستی خەڵکی رەسەنی شاری کەرکووک.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی کۆتایھێنان بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و کەمکردنەوەی مەینەتی کەرکووکییەکان کردووە و رایگەیاندووە کە کەرکووک شارێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی، بۆیە گرنگە گشت سەرچاوە و تواناکان بە ئاراستەی خزمەتکردنی خەڵکی رەسەنی کەرکووک بێت، ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لە پێویستی بەھێزکردنی ئاسایش و سەلامەتی ھاووڵاتییانی کەرکووک و رێگریکردن لە تیرۆریستان و ھەموو ئەوانەی ھەڕەشەن بۆسەر ئارامی شارەکە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی دیدارەکەدا، بەرھەم ئەحمەد ساڵح پیرۆزبایی لە حەسەن تۆران کردووە بە بەبۆنەی ھەڵبژاردنی بە سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواستووە، لەبەرامبەردا حەسەن تۆران ستایشی ھەوڵ و پشتیوانییەکانی سەرکۆماری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و چەسپاندنی پێکەوەژیان لە کەرکووک.