مەسروور بارزانی: كۆبوونەوەی گرنگمان لەگەڵ بەشداربووانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كردووە
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە رۆژی سێیەمی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، چەند دیدار و كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا و بەردەوامیش دەبێت، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، لەگەڵ نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی دانیشتوون، جەختیان لە ئارامكردنەوەی بارودۆخی عێراق و مافەكانی هەرێمی كوردستان و كوردانی رۆژئاوا كردووەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێیەم رۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، چەند دیدار و كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە و بەردوامیش دەبێت، كە گرنگترینیان كۆبوونەوە بووە لەگەڵ هەریەكە لە گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی سەوزی ئەڵمانیا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریف، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا مارك سەدویل، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوە نیلس ئانن، وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغلۆ.
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، كۆبوونەوەی زۆر باشیان لەگەڵ بەشداربووانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كردووە، یەكێك لەوانە، وەزیری وزەی ئەمەریكا بوو لەسەر كەرتی وزەی كوردستان، كە قسەیان كردووە، وەزیری وزە خواستی ئەوەی هەبووە پەرەی زیاتر بە كەرتی وزە بدەن.
روونیشی كردەوە، وڵاتانی بەشدار بە گشتی پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقیش هەیە، هاوكات تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان هەمیشە لەلای هاوپەیمانەكان و دۆستەكانی لە بەرچاو گیراوە. لە بارەی رەوشی ناوچەكەش رایگەیاند، هەرێمی كوردستان وەك كارەكتەرێكی سەرەكی لە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گرینگ دەزانن و پرسیار و ئاڵوگۆڕی راوبۆچوونەكان لە بارەی ئەوە بووە، كە چۆن بەشداری لە ئاساییكردنەوەی رەوشەكە بكەن.
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقیش، تەوەرێكی دیكە بوو، بۆیە مەسروور بارزانی لەو بارەیەوە رایگەیاند، تا ئێستا ئەنجامەكان دیار نین، محەمەد تۆفیق عەلاوی بەنیازە كابینەكەی پێكبهێنێت، بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان، ئەوە گرینگە كە وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا مافە دەستوورییەكانی لە بەرچاو بگیرێت و رێزی لێ بگیرێت، هاوكات نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە كابینەكەدا لەسەر ئەو چوارچێوەیە دەستنیشان بكرێن.
لە بارەی مافی كوردانی رۆژئاواش، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە، كە لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی رووسیا، داوای كردووە مۆسكۆ رۆڵی خۆی بە جۆرێك ببینێت، رەچاوی مافی كورد بكرێت. روونیشی كردەوە، كە دەزانین داعش هێشتا مەترسییەكی سەرەكییە لە ناوچەكە و، رووبەڕووبوونەوەشیان پێویستی بە پشتیوانیی هەموو لایەك هەیە، بە تایبەت ئەمەریكا و هاوپەیمانان، چونكە داعش خەریكە خۆی رێك دەخاتەوە و مەترسی لەسەر ناوچەكە و هەموو دنیاش هەیە.
جەختیشی لەسەر هەموو هەماهەنگییەكان كردەوە، كە لە سەرجەم ئاستەكاندا زیاتر بكرێن، گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئێران دراوسێی یەكترین، نیگەرانیی هاوبەشمان لەسەر تێكچوونی رەوشی ناوچەكە هەیە بە شێوەیەكی گشتی، جەختمان لە رێزگرتنی دوولایەنە كردەوە لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە ناوچەكەدا".
خێڵان بەختیار