هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری شارەوانی: جیاوازی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا نامێنێت

وەزیری شارەوانی: جیاوازی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا نامێنێت
وەزیری شارەوانی: جیاوازی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا نامێنێت

2019-12-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە تاپۆكردنی ئەو كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخانەی كە لە شارەكانی كوردستاندا دروست كراون، رایدەگەیەنێت كە لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی داد و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی شارەوانی پێك هاتووە، بۆ ئەوەی پەلە لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیەدا بكەن، هەروەها جیاوازی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەو شوێنانە نامێنێت و وەك هەر گەڕەكێكی دیكەی ناو شارەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی تاپۆكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەو كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخانەی لە هەرێمی كوردستان دروست كراون، رایگەیاند: "بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو جۆرەیە كە جیاوازی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا نەهێڵێت و وەك هەر گەڕەكێكی ناو شارەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو كۆمەڵگە و گوندانەدا بكرێت و خزمەتگوزارییان لەلایەن شارەوانییەوە بۆ دابین بكرێت و لە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیەش هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەم شوێنانە سوودمەند دەبن، كە نرخی خزمەتگوزارییەكانی ئێستا دەیدەن، كەم دەبێتەوە و هەمان كوالێتیی خزمەتیش بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە تاپۆكردنی ئەو یەكەی نیشتەجێیانەش، ساسان عەونی جەخت دەكاتەوە، كە لیژنەیەك بۆ پرسی تاپۆكردنی ئەو كۆمەڵگە و گوندانە پێك هاتووە و لەمبارەیەوە زیاتر گوتی: "پرسی تاپۆكردنی یەكە نیشتەجێیەكانی ئەو كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخانە، یەكێكە لە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای وەبەرهێنان و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی داد و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی شارەوانی پێك هاتووە، بۆ ئەوەی پەلە لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیەدا بكەن".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەروەها دەشڵێت، لە ڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەوە دەبێت وەك گەڕەكەكانی دیكەی شارەكانیان لێ بێت و شارەوانییەكان خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكەن.

 

ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار