سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ پاپای ڤاتیکان کۆدەبێتەوە
هەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/2/16 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی ،گەیشتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.
لە رۆما سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، لەگەڵ جیوزێپێ کۆنتێ، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی حکومەتی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگییەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکرێت. هەروەها لە سەردانەکەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەونیشتەجێکردن و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و خالید شوانی وەزیری هەرێم، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان تاوتوێ دەکەن.
پاشان لە ڤاتیکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، لەگەڵ قەداسەتی پاپا کۆدەبێتەوە و باسی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئایینی و هاندانی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیتالیا و ڤاتیکان رایگەیاند: "لەگەڵ قەداسەتی پاپا باسی گرنگی پێکەوە ژیانیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەین. شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆریداوە بۆ بەرەپێشبردنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ پەیڕەوانی تەواوی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان.“