هەواڵی کوردستان ئێستا

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاواندا ئاھەنگ و فێستیڤاڵ ساز دەكرێن

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاواندا ئاھەنگ و فێستیڤاڵ ساز دەكرێن
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاواندا ئاھەنگ و فێستیڤاڵ ساز دەكرێن

2020-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ھەولێر-KDP.info- لە یادی دامەزراندنی هەردوو رێكخراوی قوتابیان و لاواندا، سكرتێری لاوان رایدەگەیەنێت، لە هەموو شارەكانی كوردستان‌ ئاھەنگ و فێستیڤاڵ ساز دەكەین. سكرتێری قوتابیانیش رایدەگەیەنێت، هەمیشە یەكێتیی قوتابیان رێكخراوی داكۆكیكار لە مافەكانی قوتابیان و رێكخراوی گەیاندنی داواكانی قوتابیان دەبێت.

لە كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كە لە ٢٦ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە كەركووك بەسترا، لەسەر راسپاردەی بارزانیی نەمر، لە ١٨ی ٢دا هەردوو رێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی كوردستان دامەزرێندران.

نێچیرڤان كەلاری، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سبەی سێشەممە، 18ی شوبات، كاتژمێر 10 سەرلەبەیانی تاوەكو 3ی دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی (شەهید مەئمون دەباغ) لە بارەگای مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیان، هەردوو رێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوان لەسەر ئاستی هەردوو مەكتەبی سكرتاریەت، پێشوازی لە میوانە بەرێزەكان دەكەین.

لە ڕۆژی 18ی شوباتدا، سكرتێری یەكێتیی لاوان و سكرتێری یەكێتیی قوتابیان، ئەم یادە لە ئەندامانی سكرتاریەت و سەركردایەتی و كادیران و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی كوردستان پیرۆز دەكەن.

مەیسەر عوبێد، سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە لای یەكێتیی لاوان هەموو رۆژێك 18ی شوباتە، هەروەها بۆ دەربڕینی هەستی خۆشی بۆ ئەم یادە، جگە لە پێشوازیكردن، چەندین چالاكیی هو‌نەری، وەرزشی، ئاهەنگ‌ و هەڵپەڕكێ و چالاكیی جۆراوجۆری تر لە شارەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

نێچیرڤان كەلاری راشیدەگەیەنێت، لە هەمان ڕۆژدا لە سەرجەم‌ ناوەندەكانی خوێندنی كوردستان بە چالاكی و رێوڕەسمی جۆراوجۆر ئەم یادە بەرز رادەگیرێت، هەروەها وەكو یەكێتیی قوتابیانی كوردستانیش لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك سێ چالاكی و كەرنەڤاڵی گەورە ئەنجام دەدرێن‌.

لە ساڵی 1999 پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 18ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەستنیشان كردووە.

سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بەڵێن بە قوتابیان دەدات، كە هەمیشە یەكێتیی قوتابیان رێكخراوی داكۆكیكار لە مافەكانی قوتابیان و رێكخراوی گەیاندنی داواكانی قوتابیان دەبێت، هەروەها هەوڵ بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و خوێندن و زانست لە هەرێمی كوردستان دەدەین.

سكرتێری یەكێتیی لاوانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت، یەكێتیی لاوان یەكێك لەو رێكخراوانە بووە كە تەمەنێكی درێژی لە خەباتی كوردستان هەیەو لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستان بەشداری كردووە، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان، ناوبراو ئاماژە بە ڕابردوو دەكات كە لە شاخ، لاوانی كوردستان بەرگرییان لە خاك و نیشتیمان كردووە و بەشدار بوونە لە شۆڕشەكانی گوڵان و ئەیلوولدا‌، هاوكات لە سەركەوتنی ریفراندۆمدا كادیر و ئەندامانی یەكێتیی لاوان پاڵپشتی سەرەكیی ریفراندۆم بوونە كە بە بڕیاری سەرۆك بارزانی ئەنجام درا، هەروەها شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، یەكێتیی لاوانی كوردستان بەشی شێری بەركەوتووە لە قوربانیدان بۆ ئەو وڵاتە، پێشی وایە، باسكردنی مێژووی خەباتی یەكێتیی لاوان بە كاتژمێرێك و چەند رۆژێك كۆتایی نایەت.

 

هەڵكەوت محەمەد