هەواڵی کوردستان ئێستا

زبڵ و خشاکی کەڵەکەبوو شاری كه‌ركوكی تەنیوە

زبڵ و خشاکی کەڵەکەبوو شاری كه‌ركوكی تەنیوە
زبڵ و خشاکی کەڵەکەبوو شاری كه‌ركوكی تەنیوە

2021-04-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

رۆژانە لە کەرکووک هەزار و ٢٠٠ تۆن زبڵ و خاشاک کەڵەکە دەبێت، بەڵام شارەوانی کەرکووک دەڵێت کە توانای پاککردنەوەی تەنھا ٤٠٠ تۆن زبڵیان ھەیە، بەھۆی کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاکیش کۆمپانیای ئەھلی لە کەرکووک پەیدابوون کە لەبەرامبەر پاککردنەوەی زبڵی ماڵان بڕی پێنج ھەزار دینار لە خەڵکی وەردەگرێت.

مانگی رابردوو مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵمەتێکی پاککردنەوەی کەرکووک-یان دەستپێکرد و بۆ ماوەی چەند رۆژێک زبڵ و خاشاکی نێو شاریان پاککردەوە، بەڵام ئەمە چارەسەری دۆخی پیسی شاری نەکرد و پاش چەند رۆژێک لەو ھەڵمەتە، دیسانەوە زبڵ و پیسی پڕ شارەکە بووەوە.

ھاووڵاتییان نیگەرانن لە پیسبوونی گەڕەک و کۆڵان و بەردەم ماڵەکانیان، پێشڕەو عەدنان دانیشتویەکی گەڕەکی رزگاری شاری کەرکووکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ساڵێکە شارەوانی نەهاتووەتە گەڕەکەکەمان و زبڵ و پیسی ئەم گەڕەکەی پاک نەکردۆتەوە و ئەمەیش گەڕەکەکەمانی بەجۆرێک پیس کردووە کە بووەتە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی".

پێشڕەو عەدنان گوتیشی: "پیسبوونی گەڕەکەکەمان لە کاتێکدایە مانگانە نزیکەی ١٠ ھەزار دینارمان لەڕێی مۆلیدە ئەھلیەکانەوە لێ وەردەگرن، بەڵام ھیچ ئۆتۆمبێلێکی شارەوانی رووی نەکردۆتە گەڕەکەکەمان و خۆمان پێش ماڵی خۆمان پاک دەکەینەوە".

سامان ستار دانیشتویەکی گەڕەکی دەروازەی کەرکووکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گەڕەکی دەروازە بووەتە پیسترین گەڕەکی کەرکووک لەکاتێکدا ئەم گەڕەکە رێگای سەرەکی سلێمانی-یە و ئەوەی لە سلێمانی و چەمچەماڵەوە دێتە شارەکەمان یەکەم دیمەن کە دەیبینی کۆمەڵبوونی زبڵ و خاشاکە لەسەر شەقام و شۆستەکانی گەڕەک و شەقامەکانی".

سامان باسی لەوەیشکرد "ئێستا ئۆتۆمبێلی ئەھلی بەشێک لە گەڕەکەکەیان پاک دەکاتەوە و لەبەرامبەر پاککردنەوەیشی بڕی پێنج ھەزار دینار لە ماڵەکان وەردەگرێت و ئەو ماڵەیشی پارە نەدات زبڵی پێش ماڵی پاک ناکەنەوە".

کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک لەنێو شاری کەرکووک لەکاتێکدایە ئیدارەی شارەکە لەبەرامبەر پاککردنەوەی گەڕەکەکان بڕێک پارە لە ھاووڵاتییان لەگەڵ پێدانی پارەی مۆلیدە ئەھلیەکان وەردەگرێت کە کەرکووک نزیکەی ٧٠٠ مۆلیدەی ئەھلی ھەیە و بەپێی سیستەمی کەیڤی مۆلیدەکان بۆ ھەر کەیڤیەک دوو ھەزار دینار لەھەر ئەمپێرێکی مۆلیدە لە ھاووڵاتییان وەرەگیرێت.

لەسەر کێشەی پاککردنەوەی شاری کەرکووک و کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاکی نێو شار بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک، فەریدون عادل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھۆکاری پیسبوونی ناو شار و چەندینجار نووسراومان ئاراستەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی بوودجەی پاککردنەوەی ناوشاری کەرکووک زیاد بکەن، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووە".

فەریدون عادل گوتیشی: "لە پارێزگای کەرکووک رۆژانە نزکەی هەزار و ٢٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک کەڵەکەدەبن، بەڵام شارەوانی کەرکووک توانای ھەڵگرتنەوە و پاککردنەوەی ٤٠٠ تۆن زبڵیان ھەیە ئەویش بەھۆی نەبوونی بوودجەی پێویست".

پارێزگای کەرکووک تاکە پارێزگایە لە عێراق کە بوودجەی پاککردنەوەی ناوشار لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە خەرج دەکرێت، بەڵام لە سەرجەم پارێزگاکانی تر بوودجەی پاککردنەوە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە دابین دەکرێت.