وەزارەتی دارایی: زیاتر لە 5 ھەزار مامۆستای گرێبەست دادەمەزرێندرێن
هەولێر-KDP.info- وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 5 ھەزار مامۆستای گرێبەست دادەمەزرێن و ھەر كاتێك بەڵگەنامە پێویستەكان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتی دارایی نێردران، پرۆسەكە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەحمەد عەبدولرەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوێنێ دوایین نووسراوی سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ ئەوەی بە داواكردنی بەڵگەنامە یاساییە پێویستەكان لە وەزارەتی پەروەردە، ھەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی نووسراوی بۆ ئەم مەبەستە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە، بۆ ئەوەی بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن".
گوتیشی: "ھەركاتێك بەڵگەنامەكانی پەیوەست بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتە وەزارەتی دارایی، پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە".
وتەبێژی وەزارەتی دارایی راشیگەیاند: "زیاتر لە 5 ھەزار مامۆستای گرێبەست دادەمەزرێندرێن".
فایزه كۆیی