وەزارەتی شارەوانی: تۆڕی گەیاندنی ئاو بۆ كەسنەزان و سێبەردان ئامادەیە
هەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەك پڕۆژەی ئاو لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن و بەڕێوەبەری گشتیی ئاویش دەڵێ، تۆڕی گەیاندنی ئاو بۆ كەسنەزان و سێبەردان ئامادەیە و ھەندێ پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاو لەسەر قەرزی ژاپۆنی جێبەجێ دەكرێن لەلایەن ئاژانسی جایكاوە.
مەسعوود كاڕەش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ژمارەیەك پڕۆژە لە بواری ئاودا ئامادەن بۆ جێبەجێكردن و رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراون بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، بە تایبەتی ھەندێ پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاو لەسەر قەرزی ژاپۆنی جێبەجێ دەكرێن لەلایەن ئاژانسی جایكاوە، ھەروەھا پڕۆژەی ئاوی قەزای چۆمانیش.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو گوتیشی، ھێڵێكی گواستنەوەی ئاو بۆ ناوچەكانی رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر ئامادەیە و ئاو بۆ ناوچەكانی رۆژھەڵاتی ھەولێر و كەسنەزان و سێبەردان دابین دەكات.
قائید میرۆ