هەواڵی کوردستان ئێستا

شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی چینی کرد

شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی چینی کرد
شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی چینی کرد

2020-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info-هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی چینی میلیان کرد.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە ناوی سەرکردایەتیی پارتییەوە هاوخەمیی گەیاندە حکوومەت و گەلی چین و قوربانیانی ڤایرۆسی کرۆنا. بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند: "ئێمە گەشبینین کە گەل و حکوومەتی چین توانای ئەوەیان هەیە بتوانن ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە ببنەوە.' بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە پەیوەست بوو بە گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکای ئێستای عێراق بەگشتی و باردۆخی ناوەڕاست و باشوور بەتایبەتی. بەڕێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی جەختی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و پارتی کردەوە لەسەر پاراستنی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە لە عێراقدا هەروەکو چۆن لە دەستووردا دیاری کراوە. پشتیوانیی گەل و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و شەڕی تیرۆر بەردەوام دەبێت و هەماهەنگی و تێگەیشتنی تەواو لەو بارەیەوە ھەیە، هیوادارین حکوومەتەکانی داهاتوو بتوانن لە ئەزموونی ڕابردوو فێر بن و ئەو سیاسەتانە دووبارە نەکەنەوە کە هۆکاری نەهامەتیی گەلانی عێراق بوون.

دەربارەی ڕەوشی نێوخۆی هەرێمی کوردستان سیوەیلی ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن بۆ مامەڵەکردن لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ئێستای عێراق و ناوچەکە و سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان و دەزگای شەرعیی هەرێمە بۆ ئەو مەبەستە.  گوتیشی، حکوومەتی هەرێم هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی تەندروستی و، بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ وڵاتی چینی میلی.

وانگ شۆهۆنگ، کونسووڵی ئەو وڵاتە سوپاسی ئەو سەردان و هاوخەمییەی کرد و ڕایگەیاند، کۆنسووڵخانەی گشتیی چین سوپاسگوزاری حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانە. کۆنسووڵ شۆهۆنگ سەرسامی و پێزانی خۆی خستە ڕوو لە زۆریی پاڵپشتی و هاوسۆزیی خەڵک و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ گەلی چین. بەڕێزیان بە وردی باسی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کرۆنا و کارگەرییەکانی ڕێوشوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەی کرد. لەو دیدارەدا، بەڕێز کۆنسووڵ جەختی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و گوتی: 'ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین کە پەیوەندییەکانی نێوان گەلی چینی مەزن و گەلی کوردستانی خۆشەویست بەهێزتر بێت."


لە کۆتاییی گفتوگۆکاندا باس لە بەرنامەی کاری کۆنسووڵخانەی گشتیی چینی میلی لە هەرێمی کوردستان کرا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە بەردوامبوونی پشتیوانی و کارئاسانی بۆ کونسووڵخانەی چین کردەوە.