هەواڵی کوردستان ئێستا

نووری حەمه‌ عه‌لی: ترس هه‌یه‌ داعش شه‌ڕی بەرەیی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌

نووری حەمه‌ عه‌لی: ترس هه‌یه‌ داعش شه‌ڕی بەرەیی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌
نووری حەمه‌ عه‌لی: ترس هه‌یه‌ داعش شه‌ڕی بەرەیی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌

2020-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


سلێمانی-KDP.info - فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری ڕۆژئاوای کەرکووک ده‌ڵێ، بێت و چاره‌سه‌رێك بۆ تیرۆریستانی داعش و كێشه‌كان نه‌دۆزرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ مه‌ترسیی ئه‌وه ‌هه‌یه‌ له‌ ئایندەدا‌ داعش شه‌ڕی ڕووبه‌ڕوو بكات و گوند و شاریش كۆنتڕۆڵ بكات، پاشماوه‌كانی ڕژێمی سه‌ددام حوسێن و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان هاوكاریانن.

نووری حەمه‌ عه‌لی، فه‌رماندی میحوه‌ری ڕۆژئاوای کەرکووکی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "تیرۆریستانی داعش به‌رده‌وامن له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی عێراق و چه‌ندین به‌رپرسی ئه‌و هێزانه‌یان له‌ پۆلیس و سوپا و حه‌شدی شه‌عبی كوشتووه‌."

نووری حەمە عه‌لی گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش ده‌ستیان كردووه‌ته‌وه‌ به‌ کردەوەی تیرۆریستی و ڕفاندنی هاووڵاتیان، پاشان به‌ردانیان به‌ پاره‌یه‌كی زۆر، تیرۆریستانی داعش به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردندان‌".

فه‌رمانده‌كه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێ: "ئەگەر چاره‌سه‌رێكی بنه‌بڕ دانه‌ندرێت، ئه‌وه‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و له‌ ئاینده‌شدا مه‌ترسیی ئه‌وه ‌هه‌یه‌ شه‌ڕی بەرەیی بكه‌ن و گوند و شار كۆنتڕۆڵ بكه‌ن".

ناوبراو زانیاریی زیاتری دا و گوتی: "ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پاشماوه‌ی ڕژێمی سه‌ددام حوسێن و دژی حكوومه‌تی ئێستای عێراقن، ئه‌وانه‌یشی پاشماوه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانن، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێستای داعشن، به‌ ڕۆژدا به‌ جلی مه‌ده‌نی ده‌گه‌ڕێن و به ‌شه‌ودا ده‌بنه‌ چه‌كدار و كاری تێكده‌رانه‌ دەکەن."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی کە دەگوترێت حكوومه‌تی عێراق هێزی زیاتری هێناوەته‌ کەرکووک، نووری حەمە عه‌لی ده‌ڵێ: "نه‌خێر هێزی نه‌هێناوه‌، ئه‌و جووڵه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌وه ‌بووه‌ له‌ پێشتر بڕیاری لێ دراوه‌، هێزه‌كانی ده‌وروبه‌ری کەرکووک ده‌برێن بۆ خانه‌قین و دیاله‌ و ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌وێش ده‌هێندرێن بۆ کەرکووک و ده‌وروبه‌ری".


عه‌زیز ڕه‌سووڵ