فەزیلەتی درۆ
د.سەلمان نادر
هەموو جارێک درۆ خراپ نیە، جاروبار درۆ فەزیلەتە، فەزیلەتێکی تەواو، دەزانم پێتان سەیرە، بەڵام دەزانن کەی درۆ دەبێتە فەزیلەت، ئەوکاتانەی خودی خۆت پێویستت بەوەیە ڕاستگۆ بیت، بەڵام ناچاری لەبەر ئەوانی تر درۆ بکەیت، ناچاری لەپێناو شکۆ و کەرامەتی مرۆڤدا درۆ بکەیت.
لەوانەیە پێتان سەیر بێت درۆ کەی دەبێتە فەزیلەت، ئاخر کانت دەیگوت ئەگەر دونیاش وێران بێت تۆ درۆ مەکە، کەی وەزیفەی تۆیە بە نائەخلاقی پاساو بۆ دونیایەک بهێنیتەوە کە تۆ ڕۆڵێکت نەبووە لە داڕێژانی یاساکانیدا، لەڕاستیدا ئەم ڕێسایەی کانت ئیرادەی ئەخلاقی مرۆڤ دەکوژێت، مرۆڤ دەکاتە ئامێرێک بەدەست ڕەچەتەیەکی ئەخلاقیەوە ڕێی نادات ناوەوەی بەشدار بێت لە بەهاپێدان و مانا پێدانی کرداری ئەخلاقیدا.
ئاخر مرۆڤ چنگێک میهرەبانی و ژەمێ ویژدان و قومێ هەست و پارچەیەک سۆزە، ئەگەر هەموو ئەمانە بکەیت قوربانی ڕەچەتەیەک با ئەخلاقیش بێت، هەر کوشتنیەتی، مرۆڤ ڕۆبۆتێک نیە پڕۆگرامی بۆ دابڕێژیت، هەندێک جار ئەزموونی ئەخلاقی دزیە، ڕۆبن هود ئەزموونی ئەخلاقی دەکرد، چەتەیەکیش بوو، لەسەردەمی هارونە ڕەشیددا دزێک دەگرن دارکاری دەکەن، هارونەڕەشید بەوێدا تێدەپەڕێت دەڵێت ئەو گەنجە چی کردوە، دەڵێن دزی، دەڵێت بەگەنجە ڕاستەکەن، دەڵێ نەخێر من قەرزم لەدەوڵەمەندەکان کردوە و داومە بەهەژارەکان، هارونەڕەشید دەڵێت بەتەمایت قەرزەکەیان بدەیتەوە، دەڵێت بەڵێ، دەڵێت کەی؟ دەڵێت ئەوکاتەی ئەوانیش هەژار کەوتن، ئەمە هەڵەیە لەڕووی یاساوە، لەڕووی شەرعەوە، لەڕووی کەلتورەوە، دەرفەتی ئیستغلالکردنی ئەم پرسە زۆرە، بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بێت ئەزموونی ئەخلاقیە.
بەکورتی کاتێک درۆ فەزیلەتە خۆت پێویستت بەڕاستگۆییە نەک درۆ، دڵت گڕی گرتوەو چاوەڕوانی دوو دڵۆپ فرمێسکی ئاگرەکەی بکوژێنێتەوە، وەلێ ناچاری دان بەخوتدا بگری، بەهەمووان بڵێی من باشم، چونکە ئەوان پێویستیان بە باشی تۆیە، لەکاتێکدا خۆت پێویستت بە گریانێکە بەرەنیسکی ڕۆژەڕێیەک بڕوا، بیرمدێ تەلەبە بووم پارەم پێنەبوو، گەشتم بەناسیاوێکمان وتی پارەت پێیە، دەمزانی ئەگەر بڵێم نەخێر ئەو بەقەرز نامداتێ، بەڵکو بەدیاری دەمداتێ، ناچار وتم بەڵێ، ئەو زۆر ئیلحاحی کرد، منیش زۆر دڵنیاییم پێدا پارەم پێیە لەکاتێکدا هیچم پێنەبوو، درۆی یەکەمیان لەپێناو ئەوانی تردایە، درۆی دوەمیان لەپێناو غروری مرۆڤ بووندایە، ئالێرەدا درۆ دەبێتە فەزیلەت، فەزیلەتێک بە ئیسترلابەکەی کانت ناخوێندرێتەوە.