وێستگەی کۆرمۆر له چهمچهماڵ دەبێتە گەورەترین وەبەرهێنانی غاز لە تەواوی عێراق
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی دانەگاز و نەوتی هیلال، بەتەواوەتی دەست بە فراوانکردنی پرۆژەی وێستگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، کە کۆمپانیاکان پێکەوە بەناوی کۆنسۆتیۆمی (پێرڵ پترۆڵیۆم)ەوە سەرپەرشتیی دەکەن. سەرۆکی جێبەجێکاری نەوتی هیلال و سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی داناگازیش رایگەیاند، پرۆژەکە "بۆ وەبەرهێنانی 600 ملیۆن دۆلار و زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز بە رێژەی 60%ـە لە دوو ساڵی داهاتوودا".
کۆمپانیای دانەگاز گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ کۆمپانیای هیلالی هاوبەشی رایانگەیاندووە، بە یەکەوە لە ژێر ناوی کۆنسۆرتیۆمی پێرل پێترۆلیۆم، سەرپەرشتی پڕۆژەی فراوانکردنی KM250 دەکەن، کە ئەو پڕۆژەیەش پێویستی بە 600 ملیۆن دۆلارە و ئامانج لێی زیادکردنی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەیە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ ماوەیەک کارەکانیان وەستا، بەڵام ئێستا پڕۆژەکەیان کەوتووەتە کار و هەوڵدەدەن تاوەکو نیسانی 2023 ئامانجەکان بپێکن.
بە گوێرەی گرێبەستی فرۆشی گاز کە لە ئاداری 2019 لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکە واژۆکرا، پێرل پێترۆلیۆم گازی زیاتر بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین دەکات.
ئاشکراشی کردووە، کە ئێستا زیاتر لە 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەو گازە کاردەکات کە لەلایەن کۆمپانیاکەیانەوە بەرهەم دێت.
دانەگاز روونکردووەتەوە، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە وێستگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 440 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی 15،700 بەرمیلی کۆندێسیت و 1،020 تۆن گازی شل. واتە بە گشتی رۆژانە 110،400 بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمدەهێندرێ، بەوەش دەبێتە گەورەترین وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە بواری گازدا لە تەواوی عێراق، دوای تەواوکردنی پڕۆژەی KM250 پلان داڕێژراوە بۆ دامەزراندنی هێڵێکی دیکە KM500 و بە تەواوکردنیان بەرهەمهێنانی رۆژانە لە 2024 بۆ یەک ملیار پێ سێجا بەرزدەبێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی دانەگاز، کۆی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی کۆرمۆر زیاتر لە 2 ملیار دۆلار بووە و لە دەستپێکی کارەکانەوە تاوەکو ئێستا 332 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمهێندراوە، هەروەها لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە بە گۆڕێنی سووتەمەنی گازی شل بۆ گازی وشک توانراوە رێگە لە بڵاوبوونەوەی 43 ملیۆن تۆن گازی دوانەئۆسیدی کاربۆن بگیرێت.