هەواڵی کوردستان ئێستا

بەختیار حەیدەر: داوای بایۆمەتری پارێزەران دەکەین

بەختیار حەیدەر: داوای بایۆمەتری پارێزەران دەکەین
بەختیار حەیدەر: داوای بایۆمەتری پارێزەران دەکەین

2019-12-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک پارێزەر کە ئەندامی سەندیکا بوون و ھاوکات فەرمانبەری حکوومەتیش بوون، مافی ئەندامیەتییان لێ وەرگیراوەتەوە و نەقیبی سەندیکای پارێزەرانیش دەڵێ، داوای بایۆمەتریی پارێزەرانمان کردووە.

بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئاشکرا بووە ژمارەیەک پارێزەر فەرمانبەری حکوومەتن و بەپێی یاساش نابێت ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان فەرمانبەری حکوومەت بن، بەوھۆیەوە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک پارێزەر لە ئەندامیەتیی سەندیکا لادراون و ناونیشانی پارێزەرییان لێبوەرگیراوەتەوە."

نەقیبی سەندیکای پارێزەران دەشڵێت: "ئێمە داوامان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە پڕۆسەی بایۆمەتریی پارێزەران بەڕێوە ببات، تا ژمارەی پارێزەران دیار بێت و دواتر بەراورد بکرێت لەگەل بایۆمەتریی فەرمانبەران بۆ ئاشکراکردنی ناوی ئەو پارێزەرانەی فەرمانبەری حکوومەتن و پیشەی پارێزەریش دەکەن."

بەختیار حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرکاتێک بۆمان ئاشکرا بوو و زانیاریمان پێ بدرێت پارێزەرێک فەرمانبەری حکوومەتە، دوای دڵنیابوون مافی ئەندامیەتیی سەندیکای لێ وەردەگیرێتەوە، بەڵام باشترین ڕێگا ئەنجامدانی بایۆمەتریە بۆ ئاشکرابوونی ئەوانە."

قائید میرۆ