هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری نەوتی عێراق: "دەمانەوێت گاز لە سووریاوە هاوردە بکەین"

وەزیری نەوتی عێراق:
وەزیری نەوتی عێراق: "دەمانەوێت گاز لە سووریاوە هاوردە بکەین"

2021-04-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار رایگەیاند، وڵاتەکەی خواستی هاوردەکردنی گازی لە سووریاوە هەیە وەک یەکێک لە کەناڵەکانی دەستەبەرکردنی گاز.

ئیحسان عەبدولجەبار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، بەسام توعمە کە بە سەردانێک لە بەغدایە رایگەیاند، "دۆسیەی گاز لەسەرووی ئەو بابەتانە بوو کە لە کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ شاندی سووریادا گفتوگۆمان لەبارەیانەوە کرد".

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، "لەبارەی هاوردەکردنی گاز لە سووریاوە بۆ عێراق نزیکین لە رێککەوتن".

لەلای خۆیەوە وەزیری نەوت و سامانی کانزایی رژێمی سووریا، بەسام توعمە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، بۆچوونی هاوبەش لەبارەی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

بەپێی داتاکانی حکوومەتی رژێمی سووریا، دیمەشق تاوەکو ساڵی ٢٠١٠ بەبڕی ٨.٥ تریلیۆن مەتر سێجا یەدەگی گازی هەبووە، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتەدا دەرهێنانی گاز راگیرا.

عێراق بۆ بەکارخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز دەبەستێت و بۆ ئەمەش رۆژانە ٢٠ ملیۆن پێ سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و بۆ بەکارخستنی سەرجەم وێستگەکانی کارەبا رۆژانە پێویستی بە ٧٠ ملیۆن پێ سێجا هەیە.

لە ئێستادا کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق ١٩ هەزار مێگاواتە لەکاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا پێویستی بە زیاتر لە ٣٠ هەزار مێگاواتە.

عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لەسەروویانە سعوودیە لە گفتوگۆدایە لەرێگەی بەستنەوەی سیستەمی کارەبا لەگەڵ سیستەمی کەنداوە لەکاتێکدا کە لە چەند ساڵی رابردوودا تەنها کارەبای لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد.

رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە وەزیری کارەبا، ماجید حەنتووش لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئێران دەکات بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر زیادکردنی گازی هاوردەکراو لە ٢٠ ملیۆنەوە بۆ ٧٠ ملیۆن پێ سێجا رۆژانە.