فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک فەرمانبەری نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب دهركرا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە یاداشتنامەی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک فەرمانبەری نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا دەرکرد بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەکەدا.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە رێککارەکانی بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە رووداوەکە ئەنجامداوە و گوتەی شایەتحاڵەکانی لە شوێنی رووداوەکە وەرگرتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە کە دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە، یاداشتنامەی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک فەرمانبەری نەخۆشخانەکە دەرکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، یاداشتنامەی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە بەرپرسی بەشی چاککردنەوە، بەرپرسی بەشی بەرگریی شارستانی، پەرپرسی چاککردنەوەی بوتڵی ئۆکسجین، یاریدەدەری کارگێڕی و ژمارەیەک فەرمانبەری نەخۆشخانەکە دەرکراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە دوای دەرکردنی یاداشتنامەی دەستگیرکردن، سەرجەم ئەو کەسانە دەستگیرکراون و بەبڕیاری دادوەر راگیراون.
شەوی شەممەی رابردوو، ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کە تایبەتکراوە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەغدا کەوتەوە و بەھۆیەوە ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ی دیکەش برینداربوون.