ڕوبینا تیاری: پێکھاتەکان دژی سەرژمێریی گشتیین
هەولێر-KDP.info-پێکھاتەکان دژایەتیی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی لە عێراق ڕاگەیاند و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش ھۆشداری دەدات لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، کە دەبێتە ھۆی سڕینەوەی پێکهاتەکان.
ڕوبینا تیاری، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک پێکهاتەکان بەتایبەتی گەلانی کلد و ئاشوور و سریان دژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتین لە عێراق، کە بڕیارە لە ساڵی ئایندەدا بەڕێوە بچێت، چونکە ڕەوشی عێراق لەبار نییە بۆ سەرژمێریی گشتی، بەپێچەوانەوە دەبێ ئەوکات پڕۆسەی سەرژمێری بەڕێوە بچێت، کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان."
ەو نوێنەرەی کریستیانەکان گوتی: "ناکرێت خەڵکێکی زۆر ئاوارە بێت و بێ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، پڕۆسەی سەرژمێری بەڕێوە بچێت، ئەوە دەبێتە ھۆی سڕینەوەیان و زیانگەیاندن بە پڕۆسە و پاشەڕۆژیان."
ڕوبینا تیاری جەختی کردەوە: "ئەگەر سەرژمێریی گشتی لە ڕەوشێکی وەھا ئاڵۆزدا بەڕێوە بچێت، ئێمە وەک نوێنەری پێکهاتەکان لە ھەردوو پەرلەمانی عێراق و کوردستان ھەڵوێستمان دەبێت، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێریی گشتی."
قائید میرۆ