باڵیۆزی بەریتانیا: هێرشی موشەکی بۆسەر فڕۆکەخانەی بەغدا زیان بە پێگەی عێراق دەگەیەنێت
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیڤن هیکی رایگەیاند، ئاراستەکردنی مووشەک بۆسەر فڕۆکەخانەی بەغدا زیان بە پێگەی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دەگەیەنێت.
ستیڤن هیکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاندووە کە ئاراستەکردن مووشەک بۆسەر فڕۆکەخانەی مەدەنیی بەغدا ژیانی عێراقییەکان دەخاتە مەترسییەوە و هەژاریشیان زیاد دەکات، چونکە دەبێتە هۆی ئاستەنگ لە بەردەم وەبەرهێنانی بیانی و گەشتوگوزار.
ستیڤن هیکی جەختی لەوەشکرووەتەوە کە بەردەوامی هێرشی مووشەکی بۆسەر فڕۆکەخانەکە زیان بە پێگەی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دەگەیەنێت.
ستیڤن هیکی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە ئاراستەکردنی مووشەک بۆسەر فڕۆکەخانەی بەغدا دەبێتە هۆی زیاتر ئەستەمکردنی گەشتی هاووڵاتییانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیڤن هیکی وەک ئاماژەیەک بە دەربڕینی ناڕەزایی لە بەردەوامی هێرشە مووشەکەییەکان بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رایگەیاند، عێراقییەکان شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن لەوەی ئێستایاندا.
شەوی رابردوو، دوو مووشەکی جوری کاتیوشا ئاراستەی ئەو بنکە سەربازییە کرا کە هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا تیایدا جێگیرکراون و بەگوتەی سەرچاوەیەکی سەربازیی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی C-RAMی ئەمریکی یەکێک لە مووشەکەکانی تێکشکاندووە و مووشەکەکەی دیکە لە دەورووبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتووەتە خوارەوە.
جگە لەو بەشەی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی بەغدا کە هێزەکانی ئەمریکا تیایدا جێگیراون، فڕۆکەخانەکە دوو بەشی دیکە لەخۆ دەگرێت کە بەشێکی مەدەنییە و سەربە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقییە و بەشێکی دیکەی سەربازییە بە ناوی بنکەی شەهید محەمەد عەلا و سەربە فەرماندەیی هێزه ئاسمانییەكانه.
لە میانی چەند مانگی رابردوودا، چەندینجار هێرشی مووشەکیی کراوەتە سەر ئەو بنکە سەربازییەی کە هێزەکانی ئەمریکا تیایدا جێگیرکراون و واشنتۆن گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.