حکوومەتی عێراق ١٠ رۆژ قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەریی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بەڕێوەچوو، پێشنیازی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی لەبارەی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەریی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ پەسەند کرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەک هەنگاوێک بۆ رێگەگرتن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێککاری خۆپارێزی لە رێگەی دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی و رێککارەکانی دیکە، بڕیاردا بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە قەدەغەی هاتوچۆ لە رێکەوتی ١٢ی ئایار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ هەموو شوێنە گشتییەکان، موڵەکان، خواردنگە و رێستوڕانتەکان، کافیتریا و چایخانەکان، هۆڵەکانی سینەما، باخچە و هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان، مەلەوانگەکان و هۆڵەکانی وەرزش و لەشجوانی دەگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەشکراوەتەوە کە لە ماوەیەدا رێگە بە هیچ کۆبوونەوەیەک نادرێت.
بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٨٦ ھەزار و ١٤١ کەس و لەو ژمارەیەش ١٥ ھەزار و ٦٠٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩٧١ ھەزار و ٧٩٣ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.