هەواڵی کوردستان ئێستا

یەكێتی لەبارەی بڕیاری سزادانی رۆژنامه‌نوس و چالاكوانانی بادینان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

یەكێتی لەبارەی بڕیاری سزادانی رۆژنامه‌نوس و چالاكوانانی بادینان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
یەكێتی لەبارەی بڕیاری سزادانی رۆژنامه‌نوس و چالاكوانانی بادینان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

2021-05-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی پەسەندكردنی بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووه‌، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەوپەری نیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیاری دادگای تەمیزی هەرێم لەبارەی پەسەندكردنی سزای ناعادیلانەی سەر چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستگیراوەكانی بادینان. پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان، بنەماكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین لەناو هەرێم، و وێنای هەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێرای ئەوەی لەرێگای كەناڵە رەسمیە جۆراوجۆرەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەرخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیراوەكانی بادینان، لەھەمان كاتدا داوا دەكات بەرێز سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەكاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات، هاوكات پەرلەمانی كوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت. هەروەها پێشوازی لە هەر پارت و لایەنێكی سیاسی دەكات كە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی یەكێتی بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگه‌یاندووه‌، ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و گەلەكەمان، پێویستی بە پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتانی دۆست ھەبووە و ھەیە، تۆمەتباركردنیان بە ناڕەوا و نیگەرانكردنیان خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات، و بۆ ئەوەی لە تەنگەژەكاندا پشتیوانی ئەزموونەكەمان بن، پێویستە بە چاوی وەفاوە لێیان بڕوانرێت و رێزیان لێ بگیرێت.