پارێزگاری سلێمانی: لە ڕۆژانی جەژندا قەدەغەی هاتووچۆ نابێت
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانی ژمارەیەک بڕیاری نوێ سەبارەت بە رۆژانی جەژنی رەمەزان دەرکرد و رایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژندا قەدەغەی هاتووچۆ نابێت.
لەراگەیەنراوێکدا کە واژۆی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەسەرە، پارێزگاری سلێمانی دواین بڕیاری خۆی لەبارەی رێکارەکانی هاتوچۆ لەرۆژانی جەژن راگەیاند و دەڵێت،لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەخەی هاتوچۆ نابێت و پێویستە هاوڵاتییان پابەندی رێنمایی و رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و خۆیان لە سەردانیکردن و تێکەڵاوبون بپارێزن و نەبنە هۆی دروستکردنی بەریەککەوتن و کۆبونەوە و قەرەباڵغی".
بڕیارەکانی پارێزگای سلێمانی بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتانە دراون کە وەزارەتی ناوخۆ پێیداوە و تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هەر شوێنێک پابەندی رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکان نەبێت، دادەخرێت و بەپێی ئەو بڕیارانەی لە بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریکراون، رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقدا وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەپێی ئەو رێکارانەی کە لە بەیانی ژمارە 15ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریکراون.