دەستەی وەبەرهێنان: بڕیارە ژمارەی پڕۆژەكان زیاتر بكرێت
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسا و راگەیاندن لە دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، بڕیار بوو هەزار پڕۆژە بۆ سەرمایەدار و وەبەرهێنەران رابگەیەنین، بەڵام جارێ رامانگرتووە، چونكە بڕیارە ژمارەی پڕۆژەكان زیاتر بكەین و ئەوكات رایدەگەیەنین.
موخلیس محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ماوەی ڕابردوودا هەزار پڕۆژەی جۆراوجۆرمان ئامادە كردبوو بۆ ئەوەی رایبگەیەنین تا سەرمایەدار و وەبەرهێنەران لەمساڵدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێیان بكەن، بەڵام جارێ رامانگرتووە و رانەگەیەندراوە.
محەمەد گوتیشی، هۆكاری راگرتنی ئەو هەزار پڕۆژەیە و رانەگەیاندنیان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە دەمانەوێت ژمارەی پڕۆژەكان لە هەزار پڕۆژە زیاتر بكەین و لە ئێستاشدا سەرقاڵی زیادكردنی پڕۆژەكانین، هەر كاتێكیش تەواو بووین، ئەوكات رایدەگەیەنین بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، هەر بۆیە جارێ دیار نیە ژمارەی پڕۆژەكان دەكەین بە چەند پڕۆژە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئێمە گەشبینین كە سەرمایەدار و وەبەرهێنەران وەڵامێكی ئەرێنی و باشیان دەبێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن.
بڵند ئیبراهیم