هەواڵی کوردستان ئێستا

میرانی: سەرۆكی هەرێم هاودەنگییەكی باشی لە نێو ریزەكانی كوردستان دروست كردووە

میرانی: سەرۆكی هەرێم هاودەنگییەكی باشی لە نێو ریزەكانی كوردستان دروست كردووە
میرانی: سەرۆكی هەرێم هاودەنگییەكی باشی لە نێو ریزەكانی كوردستان دروست كردووە

2020-02-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، بێ وەرگرتنی رەزامەندی و راوێژی حزبەكان، چۆن ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بە كابینەی عەللاوی دەدەن، رێگەچارەش بۆ دیاریكردنی كاندیدانی كورد بۆ كابینەی نوێ ئاشكرا دەكات.

فازڵ میرانی، لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی هەولێر، سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ لە لایەن محەمەد تۆفیق عەللاوییەوە دەڵێ، كە پێویستە راوێژ و رەزامەندیی حزبەكان وەربگرێت، ئەگەرنا چۆن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە نوێنەری حزب و پێكهاتەكانن، دەنگ بە كابینەكەی دەدەن، ئەوەش بە كۆسپی بەردەم راسپێردراو بۆ كابینەی نوێ دەزانێت.

عەللاوی رایگەیاندووە، كە كاندیدان بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، دەبێ بێلایەن بن و سەر بە هیچ پارتێكی سیاسی نەبن، لەو بارەیەوە میرانی جەختی لە داواكارییەكانی كوردستان كردووەتەوە، كە بە لایەنی كەم، دەبێت هەرێمی كوردستان بە ئەحزابەكانییەوە، تایبەتمەندیی هەبێت و ریزپەڕ بكرێت، هاوكات چارەی دیكەیشی بۆ ئەو پرسە پێیە و دەیخاتە روو، كە دەكرێ سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ دەستنیشانكردنی كاندید سەرپشك بكرێت.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەخت لە یەكدەنگیی لایەنە كوردستانییەكان دەكاتەوە، بەو پێیەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان كردوویەتی، هاودەنگییەكی باشی لە نێو ریزەكانی كوردستان دروست كردووە و، هەموو لایەنەكان قسەی چاكیان كردووە، بەو لایەنانەیشی كە بەشداری حكوومەتی هەرێم نین، وەك خۆی روونی كردۆتەوە، لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ و توركمان و كلدان و ئاشووری، قسەی كردووە، هەموویان هەمان هەڵوێستی پارتییان هەیە.

مەرجی عەللاوی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، بە شتێكی نوێ ناو دەبات، كە ئەوە شتێكی نوێیە و، ئەوانیش دەبێ بە شێوەیەكی نوێ و تاوتوێكراو رووبەڕووی ببنەوە، پێشیان باشە ئەو كارەش بە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش بكرێت، بەبێ تێگەیشتنی هاوبەش، كاری هاوبەش ناكرێت.

 

خێڵان به‌ختیار