شنگال.. لە نێوان حەشد و پەكەكە و سوپای عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێت
شنگال-KDP.info- وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڕیاری داوە ھەموو ئەو كەمپانەی تایبەتن بە ئاوارەكانی شەڕی داعش دابخرێن و، خەڵكی نێو كەمپەكانیش دەگەڕێندرێنەوە شوێنەكانیان.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارەكەی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە جێی خۆیدا نییە، چونكە ٨٠%ی ئاوارەكانی شنگال نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنەكانیان و رەوشی دەڤەری شنگال لە نێوان حەشد و پەكەكە و سوپای عێراق ھەر بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، ئەگەر حكوومەتی عێراق راست دەكات، كەمپی زەردەشت ھەیە چەند كیلۆمەترێك لە سەنتەری شنگالەوە دوورە، بۆچی خزمەتگوزارییان بۆ دابین ناكرێت، یانیش نایانگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان".
قایمقامی شنگال دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ داخستنی كەمپەكاندا نین، چونكە ئەركی حكوومەتی عێراقە خزمەت پێشكەش بە ئاوارەكان بكات و ئەگەر عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێ، ئاوارە خۆیان دەگەڕێنەوە".
خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارەكە، ئێمە لە دادگا سكاڵا دژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق تۆمار دەكەین، لەبەر ئەوەی ناوچەكانی ئێمە داگیر كراون و لە لایەكیش دەڵێن كەمپەكان دادەخەین، بڕیاری داخستنی كەمپەكان ھەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر بێت و جێبەجێ بكرێت".
قائید میرۆ