بیرمەندێکی بەناوبانگی جولهكه: ئیسرائیل تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
پرۆفیسۆری بە ناوبانگی جوو، نۆرمان فینکڵشتاین کە لە ئەمریکا دەژی، سەبارەت بە دوواین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رۆژهەڵاتی قودس و کەرتی غەززە، رایگەیاند: 'ئیسرائیل تەنیا تاوانی جەنگ ئەنجام نادات، بەڵکو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدات کە ئەوانە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی قێزەونترین و ترسناکترینن'.
فینکڵشتاین، کە زانایەکی سیاسییە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و هەڵسەنگاندنی کرد بۆ پێشهاتەکانی رۆژەڤ لەبارەی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە کە بە گرژیی دوای دەرکردنی خێزانە فەڵەستینییەکان لە ناوچەی شێخ جەراح لە رۆژهەڵاتی قودس دەستیپێکرد و بەهۆی هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لە لایەن پۆلیسی ئیسرائیل-ەوە زیادیکرد و دواتر هێرشی سەر کەرتی غەززەی لێکەوتەوە.
ئەو زانا سیاسییە راپۆرتێکی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی وەبیرهێنایەوە بەناوی 'دەروازەیەک هەڵواسرا: بەرپرسانی ئیسرائیلی و تاوانەکانی جەنگ و رەگەزپەرستی' و، رایگەیاند: 'ئیسرائیل تەنیا تاوانی جەنگ ئەنجام نادات، بەڵکو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدات کە ئەوانە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی قێزەونترین و ترسناکترینن'.
هەروەها نۆرمان فینکڵشتاین، باسی لەوەش کرد ئیسرائیل دەیانجار رایگەیاندووە دەرناچێت لە خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بە نایاسایی لکاندوونی بە دەوڵەتەکەیەوە، گوتیشی: 'ئەگەر دۆخی ئێستا نایاسایی بێت، ئەوا ئیسرائیلییەکان هیچ مافێکیان بە رۆژهەڵاتی قودس و کەرتی غەززە-ەوە نییە و، دووپاتی دەکەمەوە کە مافی بەرگریی کردنیشیان نییە لە خۆیان. تەنیا یەک مافیان هەیە ئەوەیش ئەوەیە خۆیان کۆبکەنەوە و لە فەڵەستین بچنەدەرەوە'.
هاوکات فینکڵشتاین باسی لەوە کرد کە پێویستە رووداوەکانی رۆژانی رابردوو لە رۆژهەڵاتی قودس و کەرتی غەززە وەک بەشێکی بچووکی هەوڵی پیلانی درێژخایەن و بەرنامەرێژیی ئیسرائیل لێکبدرێنەوە، چونکە دزینی خاکی فەڵەستین دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی ئیسرائیل، گوتیشی: "قۆناغەکە لە ساڵی ١٩٤٨دا بەکۆتا نەهات، بەڵکو لە دامەزراندنی ئیسرائیل-یشدا هەر بەردەوام بوو، دەستبەسەردا گرتن و دزییەکانی ئیسرائیل رۆژبەڕۆژ بەردەوام بوون و تا ئێستاش درێژەیان هەیە. دەکرێت بە ئاشکرا ئەمە ناوبنێین "دزینی خاکی فەڵەستین". ئەوەشی لە ئێستادا دەیبینن بەشێکی گەورەی ئەو دزی و داگیرکارییەیە".
ئەو بیرمەندە ئەمریکییە باسی لەوەش کرد کە ئیسرائیل ئامانجییەتی لە رووباری ئەردەن-ەوە تا دەریای ناوەڕاست دەوڵەتێکی جوو دابمەزرێنێت، ئاماژەی بەوەشدا کە کاردانەوەکانی ئیدارەی جۆ بایدن بەرامبەر توندوتیژییەکانی ئەم دواییە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کابینەکانی دیکە نەبووە.