هەواڵی کوردستان ئێستا

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

2020-02-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پاڵپشتیی ئه‌مه‌ریكای بۆ خه‌ڵكی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ کرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیی داعش دژی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ بۆیه‌ به ‌پێویستی زانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ جددی سه‌یری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ بكات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19/2/2020 سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕاڵف ئه‌براهام ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و شاندێكی یاوه‌ری، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ دوای ساڵی 1991 هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و ئێستاش ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر ڕوویان تێكردووه‌ و وه‌كو پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ خه‌ڵكانی لێقه‌وماو به‌كار ده‌هێنرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا بابه‌ته‌كانی به‌هاناوه‌هاتنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان بێ جیاوازی له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه،‌ پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش، به‌رده‌وامیی پشتگیریكردنی پێشمه‌رگه‌، هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا و دۆستایه‌تیی به‌هێزی خه‌لكی ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و به‌تایبه‌تی دۆخی ئێستای عێراق و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.