هەواڵی کوردستان ئێستا

شەڕو پێکدادان له‌نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە،6 هاوڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران

شەڕو پێکدادان له‌نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە،6 هاوڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران
شەڕو پێکدادان له‌نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە،6 هاوڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران

2021-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

شەڕو پێکدادان له‌نێوان نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و لە رۆژانی جەژنیشدا بۆردومانەکانی هەردولا بەردەوام بو، شەوی رابردوش لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل شەش هاوڵاتی فەڵەستینی کوژران، بەوەش تا ئێستا 109 کەس کوژراون کە لە نێویاندا 28 منداڵ هەن و سەدان کەسی دیکەش برینداربون.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە لەراپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردو شەش هاوڵاتی دیکە بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، بەوەش لە 10ی ئایارەوە تا ئێستا 109 فەڵەستینی کوژراون کە 28 منداڵیان لەنێودابوە و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ 621 کەس بەرزبوەتەوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل، دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند و ئەوەی ئاشکرا کرد، کە سەربازەکانیان چونەتە ناو غەززە، ئەوەش لەکاتێکدایە سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ هۆشداریداوە، بەرپرسانی سیاسی ئیسرائیلیش لە خراپتربونی دۆخەکە هۆشدارییان داوە.


ئاڤیچای ئەدرەی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، لە نیوەشەوی ڕابردوەوە نزیکەی 160 فڕۆکە لە شەش بنکەی ئاسمانییەوە بەشدارییان کردوە و 450 موشەک و موشەکیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی نزیکەی 40 خولەک داهێرش بکەن بۆ سەر نزیکەی 150 ئامانج لە غەززە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هێرشە بە ئامانجی لێدانێکی گەورە بو لە بەرژەوەندی ژێرزەمینی حەماس لە ژێر گەڕەکی باکور و ڕۆژهەڵاتی دەوروبەری شاری غەززە، "پێدەچێت کاربەدەستێکی باڵای سیستمی موشەکی دژە تانکی جیهادی ئیسلامی لەناوبرابێت".

ماوەی چەند رۆژێکە گرژییەكان لەنێوان گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین و سوپای ئیسرائیل لەسەر چەند خانویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح لە قودس- ئورشەلیم گەیشتونەتە لوتكە، حەماس نزیکەی دو هەزار موشەکی لە غەززەوە ئاڕاستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل کردوە و ئیسرائیلیش بە توندی بەرپەرچی داونەتەوە، سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و برینداربون ئەوە جگە لە وێرانکردنی چەندین باڵەخانە لە غەززە