هەواڵی کوردستان ئێستا

وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی رێكاری یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌ك ده‌زگای راگه‌یاندن ده‌گرێته‌ به‌ر

وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی رێكاری یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌ك ده‌زگای راگه‌یاندن ده‌گرێته‌ به‌ر
وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی رێكاری یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌ك ده‌زگای راگه‌یاندن ده‌گرێته‌ به‌ر

2021-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رێگەی داواکاری گشتییەوە رێکاری یاساییان گرتووه‌ته‌به‌ر بەرامبەر ئەو دەزگایانه‌ی راگەیاندن و پەیجانەی سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەی کە رووماڵی ساتی ئاگر لەخۆبەردانی پەناخوازێکی کوردی ئێرانیان لە بەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر كرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، پەناخوازێکی کوردی ئێران بە هۆی پەسەندنەکردنی داواکارییەکانی لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی لە وڵاتی سێیەم، ئاگری لە جەستەی بەردا.

پەناخوازەکە لەو کاتەدا کە قسەی بۆ چەند میدیایەکی لۆکاڵی هەرێمی کوردستان دەکرد، بەنزینی بەسەر خۆیدا رشت و ئاگری لە خۆی بەردا.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی بە دەزگاکانی راگەیاندن داوە کە خۆیان بەدوور بگرن لە رووماڵکردنی ئەو جۆرە رووداوانە و ئاشكرایكردووه‌، لە رێگەی داواکاری گشتییەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگایانه‌ی راگەیاندن و پەیجانەی سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانە دەگرێتەبەر کە رووماڵی ئەو رووداوەیان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "بۆ بەدواداچوونی ئەو رووداوە دڵتەزێنەی ئەمڕۆ ڕوویدا، کە چەند کەناڵێکی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا راستەوخۆ گواستییانەوە، گەنجێک لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لەشاری ھەولێر، خۆی سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کۆبوونەوە، دۆخی ئێستای راگەیاندن و سۆشیال میدیایان لە ھەرێمی کوردستان، لە رووی ئیتیکی رۆژنامەوانی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییەوە، بە دۆخێکی نالەبار و خراپ وەسفکرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، وێڕای رێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٤ بەتایبەتیش بڕگەی سێیەم، ھەروەھا ئاگادارینامەیەکی لەپێنجی شوباتی ٢٠٢١دا داوە بە ھەموو کەناڵەکانی راگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنی ئەو ھەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەی دەچنە خانەی بڵاوکردنەوە و ھاندانی توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە رووی دەروونییەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان هۆشدارییشی داوە کە لە ئەگەری پابەندنەبوونی کەناڵەکانی راگەیاندن بەو رێنماییانەوە، لە رێگەی دەستەی داواکاری گشتی و لەبەر رۆشنایی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی ھەرێمی کورستان، رێکاری یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەوەی ئەمڕۆش روویداوە دەچێتە ھەمان خانەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکی وەزارەت بە پێی ئەو رێنماییانەی ئاماژەیان پێکراوە، داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکات، ھەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا راگەیاندن و پەیجانەی سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەی کە رووماڵی رووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.